کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێپێوانی ئەندامانی حیزب لە وڵاتی فینلاند لە ساڵیادی تێرۆری دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانیدا

10:08 - 24 پووشپەڕ 2723

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٣ی پووشپەڕ، لە ساڵیادی تێرۆری ڕێبەری بلیمەتی کورد، دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو و هاوڕێیانی، ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە فینلاند، ڕێپێوانێکیان لەنێو شاری هێلسینکی بۆ بەردەم باڵوێزخانەی ئوتریش بەڕێوە برد.

سەرەتای ئەم چالاکییە بە کۆبوونەوە و سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب ‌و چەن ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانفیدایی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد. پاشان بەشداربووان بە ڕێپێوان بەرەو باڵوێزخانەی ئوتریش وەڕێ کەوتن ‌و لەوێ کۆ بوونەوە.

لەو نێوەدا نوێنەرانی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات، پێکهاتوو لە جەهانبەخش خالدی، بەرپرسی بەشی پێوەندییەکانی کۆمیتە بە هاوڕێیەتیی، ئەفشین وەیسی، شەهێن سوڵتانی ‌و خاوەر ڕەحمانی، بە مەبەستی چاوپێکەوتن ‌و گەیاندنی پەیام‌ و داخوازیی بەشدارانی ڕێپێوانەکە، سەردانی باڵوێزخانەی ئوتریشیان کرد و چاویان بە نوێنەرانی ئەو باڵوێزخانەیە کەوت‌.

لەو چاوپێکەوتنەدا، نوێنەرانی حیزب ئامانجی سەردانەکەیان‌ و داخوازیی بەشداربووانی ڕێپێوانەکەیان بە نوێنەرانی باڵوێزخانە گەیاند و هاوکات پەیام‌ و داخوازیی حیزبی دێموکراتیان پێشکەش بە نوێنەرانی باڵوێزخانە کرد.

نوێنەرانی حیزبی دێموکرات لە باڵوێزخانەی ئوتریش، وێڕای مەحکوومکردنی تێرۆری دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی کە ٣٤ ساڵ لەمەوپێش ‌و لە پێیتەختی ئوتریش، بە دەستی دیپلۆمات تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی ڕووی دا، خوازیاری وەگەڕخستنەوەی دۆسییەی تێرۆرەکە بوون ‌و داوایان کرد دەوڵەتی ئوتریش داخوازیی حیزبی دێموکرات‌ و میلیۆنان کورد ‌بە هێند وەربگرێ‌ و لە بەسزاگەیاندنی تێرۆریستەکاندا ڕۆڵ بگێڕن.

لە کۆبوونەوەی ئەندامانی حیزب لە هێلسینکی، پەیامی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەلایەن سەید ئەحمەد حوسێنی، بەرپرسی کۆمیتەی گشتیی حیزبەوە پێشکەش کرا.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەی ئەندامانی حیزب لە فینلاند، وڵات نەهری، بەرپرسی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان لە فینلاند، بەم بۆنەوە چەن وتەیەکی پێشکەش کرد و تێرۆری ڕێبەری نەتەوەی کورد دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە مەحکووم کرد.

کۆبوونەوە و ڕێپێوانەکە، بە سروودی ئەی شەهیدان کۆتایی پێ هات.