کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانگکردنی زیاتر لە ٥٠ پاریزەری دادگوستەری بۆ لێکۆڵینەوەی دادسەرای گشتیی ڕێژیم

12:03 - 24 پووشپەڕ 2723

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا، زیاتر لە ٥٠ پارێزەری دادگوستەری لە بۆکان بەمەبەستی ڕوونکردنەوە، بۆ دادسەرای گشتیی ڕێژیم لەو شارە بانگ کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ''کوردپا''، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ٥٥ پارێزەری دادگوستەری ڕێژیم لە شاری بۆکان لە ڕێگەی نامەی بانگکردنەوە، بەهۆی ئەوەیکە بەیاننامەی پشتیوانیی لە بنەماڵەی شەهید "ژینا ئەمینی"ـیان واژۆ کردووە، بۆ لقی دووی لێکۆڵینەوەی دادسەرای گشتیی و ئینقلابی ڕێژیم لە شاری بۆکان بانگ کراون و داوای ڕوونکردنەوەیان لێ دەکەن کە بۆچی پشتیوانییان لەو بنەماڵەیە کردووە.

لە نامەی بانگکردنی ئەو پارێزەرانە کە ڕێژیم بۆی ناردوون، پێیان‌ ڕاگەیەندراوە کە دەبێ لەماوەی پێنج ڕۆژدا خۆیان بە لقی دووی لێکۆڵینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ڕێژیم لە بۆکان بناسێنن و هەروەها هۆکاری بانگکردنی ئەو پارێزەرانە لە نامەکەدا ئاماژەی پێکراوە کە بڵاوکردنەوەی وێنە، ڤیدیۆ و بابەتی دژبە ئەمنییەتی گشتی، ڕاگەیاندراوە.

ئەو پارێزەرانەی دادگوستەری ڕێژیم لە بۆکان، لە ڕێکەوتی ١٧ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی بە بڵاوکردنەوەی بەیننامەیەک پشتیوانیی خۆیان لە بنەماڵەی "ژیان ئەمینی" ڕاگەیاند و ئامادەیی خۆیان بۆ هەرچەشنە وکالەتێک دەربڕی.

جێگەی ئاماژەیە بانگکردنی ٥٥ پارێزەری پشتیوان، تا ئێستا لە مێژووی پارێزەرانی ئێراندا کەموێنە بووە و ئەو بانگکردنە هاوکات لەگەڵ گوشارخستنە سەر بنەماڵەی دادخوازەکانی سنەدا بووە.