کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخستنی گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی لەلایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکراتەوە لە شاری ڤییەن

12:22 - 24 پووشپەڕ 2723

ڕۆژی هەینی ٢٣ی پووشپەڕی ساڵی ١٤٠٢ی هەتاوی لەلایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئوتریش، بەبۆنەی ٣٤ مین ساڵڕۆژی تیرۆری دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو و هاوڕێیانی لە شاری ڤییەن گردبوونەوەیەک لەبەر دەرکی باڵاخانەی شوێنی تیرۆرەکە بە بەشداریی کوردەکانی دانیشتووی وڵاتی ئوتریش پێک هات.

 لە کۆبوونەوەکەدا سەرەتا لەلایەن "محەممەد فەقی عەلی"یەوە بە خێرهاتنی بەشدارانی خۆپیشاندانەکە کرا، پاش خویندنەوەی سروودی نیشتمانیی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێدەنگیی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان لەلایەن دوکتور جەزا ساڵحی، بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئوتریش ڕاگەینداراوی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٣٤ ساڵەی تیرۆری دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی خوێندرایەوە.

لە میانەی ڕێوڕەسمەکەدا لەلایەن دوو هۆنەرمەندی کوردەوە بە ناوی باڤێ جوامێر و ئەکرەم حەسۆ دوو پارچە شێعر لە سەر کوردستان پێشکەش کرا، پاشان پەیامی یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان لەلایەن نوێنەرەکەیانەوە بەم بۆنەوە پێشکەش کرا.

جێگای ئاماژەیە لەو خۆپیشاندانەدا ئەم حیزب و ڕێکخراوانەی خوارەوە پەیامی شەرمەزارکردنی کۆماری ئیسلامیی ئێران و پاڵپشتییان بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێشکەش کرد.

پارتی دێموکراتی کوردستان، پارتی دێموکراتی کوردستانی سوریە، پارتی دێموکراتی کورد لە سوریە الپارتی، ناوەندی زاگرۆس، ڤەکهەڤی، پارتی گەلی کوردستانی سوریە، حیزبی شیوعی کوردستان، ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی.