کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانێک لە وڵاتی دانمارک بەبۆنەی ٣٤ـەمین ساڵوەگەڕی شەھیدانی ڤییەن

17:51 - 25 پووشپەڕ 2723

ڕۆژی شەممە ٢٤ی پووشپەڕی ١٤٠٢ی ھەتاوی، بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ، ٣٤ـەمین ساڵوەگەڕی تێرۆری ڕێبەری شەھید دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، لەلایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی دانمارک خۆپیشاندانێکی بەرفراوان لە شاری ''کۆپێنھاگ”ی پێتەختی ئەم وڵاتە بەڕێوە چوو.

خۆپیشاندەران لە یەکێک لە وێستگەگانی شەمەندەفەری کۆپێنھاگەوە بەڕێپێوان و دروشمدان بەرەو بنکەی سیخوڕیی کۆماری ئیسلامی و باڵوێزخانەی وڵاتی ئوتریش وەڕێ کەوتن. مەبەست لەم خۆپیشاندانە بەرفراوانەی کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی دانمارک ھەرچی زیاتر نیشاندانی ڕووی تیرۆریستیی کۆماری ئیسلامی بە کۆمەڵگای دانمارکی و بۆ ئاگادارکردنەوەی وڵاتی ئوتریش و خستنەوەگەڕی پەروەندەی ئەو جینایەتە نێودەوڵەتییەی ڕێژیمی ئێران بوو.

خۆپیشاندانەکە بە سروودی نەتەوەایەتیی ئەی ڕەقیب و ساتێک بێدەنگیی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان و خوێندنەوەی هۆنراوەیەکی شێرکۆ بێکەس و وتنەوەی چەندین دروشمی شۆڕشگێڕی لەلایەن ئەحمەد ڕەحمانی پێشکەشکاری خۆپیشاندانەکە لە ڕاستای بیر و ئەندێشەکانی دوکتور قاسملوو و پەیمان نوێکردنە و درێژەدان بە ڕێگای پڕ لە سەروەری شەھیدان دەستی پێ کرد.

خوێندنەوەی پەیامی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی یادی ٣٤ساڵەی تیرۆری دوکتور قاسملوو و ھاوڕێیانی بە زمانەکانی کوردی فارسی و ئینگلیزی لەلایەن دیار مەولایی، سەعید تێھرانی و ڕۆژین مەحموودیان و خوێندنەوەی پەخشانێک لەلایەن خاتوو کەژوان یووسفی، بەشێکی دیکە لەو خۆپیشاندانە بوون.

شایانی باسە کە لەو ڕێوڕەسمەدا چەندین حیزب و لایەنی سیاسی وەکوو ڕێکخستنی دانمارکی حیزبی شیووعی کوردستان، ئەنجوومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان( نوێنەرایەتی دانمارک)، پەیامیان ھەبوو.

پاشان جەمشید خووسرەوی بەرپرسی گشتی کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی دانمارک بە ناوی کۆمیتەوە سپاسی ھەموو ھێز و لایەنە سیاسییەکان و فیدڕاسیۆن، کۆمەڵە کوردییەکان، ئەندامان، لایەنگران و دوستانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێرانی کرد کە لە خۆپیشاندانەکەدا بەشداربوون.

خۆپیشاندانە بە پێشکەشکردنی سروودی ''ئەی مامۆستای مەزن و زانا'' کۆتایی پێهات.