ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە ئاڵمان، لە بەردەم باڵوێزخانەی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری هامبۆرگ، ئاکسیۆنێکیان بەڕێوە برد.
ڕۆژی شەممە ٢٤ی پووشپەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، بەبۆنەی ٣٤ـەمین ساڵیادی تێرۆری ڕێبەری بلیمەتی کورد، دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو و هاوڕێیانی، ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە كۆمیتەی ناوچەكانی هامبۆرگ و بێرلین، لە بەردەم باڵوێزخانەی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری هامبۆرگ، ئاکسیۆنێکیان بەڕێوە برد.
خۆپیشاندانەكە بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" و خولەکێک بێدەنگی بۆ بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی كوردستان دەستی پێ كرد.
لە درێژەدا، شەهریار نەقشبەندی بە زمانی کوردی و فارسی لە دوو بڕگە لە خۆپیشاندانەکەدا باسی لە ڕۆڵی دوکتور قاسملوو و هەوڵەکانی لە خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد کرد، هەروەها ئاماژەی بە بەردەوامیی هەوڵە تێرۆریستی و دژە مرۆییەکانی کۆماری ئیسلامی لەهەمبەر گەلی کورد و باقیی نەتەوەکان لە ئێران و باقیی وڵاتانی دیکە کرد.
لە بڕگەیەكی دیکەی ئەو خۆپیشاندانەدا، یەدی بەلەدی، چالاکی سیاسی، وتارێکی سەبارەت بە دوکتور قاسملوو پێشکەش کرد و ڕووناک سەرحەدی پەیامی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانی بە زمانی ئاڵمانی بۆ ئامادەبووان خوێندەوە.
لە درێژەدا، حەسەن باشەندە كە لەلایەن كۆمیتەی ناوچەی هامبۆرگەوە بانگهێشت كرابوو، پەیامی حیزبی خەڵكی بەلووچستانی خوێندەوە و عەتا زەردەشتی پەیامی ئەنجومەنی زیندانییانی سیاسیی خوێندەوە.
لە درێژەی كاری ئاكسیۆن، محەممەد تاهوو و ڕافا سەرڕوت، چەند سروودی شۆڕشگێڕانەیان پێشکەش بە ئامادەبووان کرد و سۆران مەحموودی شێعرێکی ئامادە کردبوو کە پێشکەش بە بەشداربووان کرا.