کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سوید؛ خۆپێشاندانێک بۆ مەحكومكردنی تێرۆری شەهید قاسملوو و هاوڕێیانی بەڕێوە چوو

11:26 - 26 پووشپەڕ 2723

ڕۆژی شەممە ٢٤ی پووشپەڕ، بەبۆنەی ٣٤ـەمین ساڵوەگەڕی تێرۆر و شەهیدکرانی ڕێبەری مەزن شەهید دوکتور قاسملوو و عەبدوڵڵا قادری ئازەر، خۆپیشاندانێک لەبەر دەرکی باڵوێزخانەی ئوتریش لە ستۆکهۆڵم بەڕێوە چوو.

خۆپیشاندانەکە بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان و بەتایبەت شەهیدانی ڤییەن دەستی پێ کرد.

 پاشان عەزیز مورادپەرەست وەک بەڕێوەبەری خۆپیشاندانەکە، وێڕای بەخێرهێنانی هەموو بەشداربووان، باسێکیشی لەسەر تێرۆری ڤییەن و ئامانجی ئەم خۆپێشاندانە پێشکەش کرد.

دواتر دوکتور سوزان فەتحی باسی شەهیدانی ڤییەن و ئامانجی ئەم گردبوونەوەیەی کرد، هەروەها پەیامی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی بە زمانی ئینگلیزی خوێندەوە.

پەیامی ناوەندی هاوکاریی هێزە سیاییەکانی کورد و کوردستانی لە سوید لەلایەن محەممەدئەمین ڕەشیدی خوێندرایەوە، هەروەها پەیامی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدرال لەلایەن فەریبا بەلووچ خوێندرایەوە.

لەو خۆپیشاندانەدا، فرێدریک مالم، کەسایەتیی دیاری سیاسی و ئەندام پارلمانی سوید لە پارتی لیبراڵ وتارێکی پێشکەش کرد.

هەروەها پەیامی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لەلایەن محەممەد فەرهادزادە خوێندرایەوە.

پاشان پەیامی هاوبەشی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان و ئەنجوومەنی زیندانییانی سیاسیی کوردستان لەلایەن لەتیفە جەباری خوێندرایەوە.

لە کۆتایدا هەڵبەستێک بە ناوی ''بۆ شەهیدێن ڤییەن'' لەلایەن عەزیز مورادپەرەستەوە خوێندرایەوە.

جێگای ئاماژەیە لەنێو ڕیزبەندی بەرنامەکەدا چەندین سروودی شۆڕشگێڕی و هەروەها چەندین دروشم بە زمانەکانی کوردی و سویدی پێشکەش کران.