کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە وڵاتی نۆروێژ ڕێوڕەسمێک بۆ ڕێزگرتن لە یادی ٣٤ ساڵەی شەهیدانی ڤییەن بەڕێوە چوو

15:44 - 26 پووشپەڕ 2723

ڕۆژی شەممە ٢٤ی پووشپەر، کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی نۆروێژ، بۆ ڕێزگرتن لە یادی دوکتور قاسملوو و هاورێیانی کە بە دەستی دیپلۆمات تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی شەهید کران، بە بەشداریی بەشێکی بەرچاو لە ئەندامان و میوانانی حیزب و لایەنە کوردستانی و نۆروێژییەکان، ڕێوڕەسمێکیان بەڕێوە برد.

ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی حیزب و گەل دەستی پێ کرد.

پانێلی یەکەم بە بڵاوکردنەوەی فایلی دەنگیی وتووێژی ڕێبەری شەهید ''دوکتور قاسملوو'' لەگەڵ دیپلۆمات تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی دەستی پێ کرد.

لە درێژەی بەرنامەکانی پانێلی یەکەم، هاوکات لەگەڵ بڵاوکردنەوەی وێنەکانی دوکتور قاسملووی نەمر، ڕاگەیەندراوی حیزبی دێموکرات لەسەر تێرۆری دوکتور قاسملوو و کاک عەبدوڵڵا قادری‌ئازەر بە دەنگی ئەحمەد شێربەگی پێشکەش کرا کە لە ڕادیۆ کوردستان بڵاو کرابووەوە.

وتەکانی ڕێبەری شەهید دوکتور سادق شەرەفکەندی لەسەر کارەساتی تێرۆری دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، بەشێکی دیکەی پانێلی یەکەمی بەرنامەکە بوو، هەروەها سروودی "ئەی مامۆستای مەزن و زانا" لەلایەن چەند منداڵەوە پێشکەش کرا.

دواتر ئیسماعیل عەلی‌پوور، بەرپرسی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی نۆروێژ، پەیامی کۆمیتەی خوێندەوە کە لە پەیامەکەدا ئاماژەی بەوە کرد کە مەبەست لە پێکهاتنی ئەو کۆڕیادە ئەوەیە کە هەموومان نیشان بدەین کە بزووتنەوەی میللی- دێموكراتیکی کورد لە کوردستانی ئێران، پاش شەهیدبوونی ئەو ڕێبەرە گەورانەی حیزب و گەلەکەمان، هەروا زیندوو و بەهێز ماوەتەوە.

لە پانێلی دووەمدا تاهیر عەلیار باسێکی لەسەر شەهیدی نەمر دوکتور قاسملوو پێشکەش بە ئامادەبووان کرد و بە سروودێک لەلایەن قادر ئەلیاسی ئەو بەشەش کۆتایی پێ هات.

پانێلی سێهەم پێک هاتبوو لە کۆمەڵێک وێنەی ڕێبەری شەهید و کاک عەبدوڵڵا قادری‌ئازەر کە لەلایەن خاتوو کوێستان گادانی، بەرپرسی هەیئەتی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکرات لە دەرەوەی وڵات و ئیسماعیل عەلی‌پوور، بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە نۆروێژ و دوو منداڵی شەهید هۆڵەکە کرایەوە کە سەرنجی بەشداربووانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا.