کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیندانی ئیلام؛ بەندکراوێکی کورد مانی لە خواردن گرت

10:50 - 27 پووشپەڕ 2723

وەحید چاوران، چالاکی مەدەنیی خەڵکی ئاودانان، لە زیندانی ڕێژیم لە ئیلام، مانی لە خواردن گرتووە.

بەپێی ڕاپۆرتی "کوردپا"، لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی پووشپەڕەوە، وەحید چاوران، چالاکی مەدەنیی خەڵکی ئاودانان، پاش وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا، لە زیندانی ڕێژیم لە ئیلام، مانی لە خواردن گرتووە.

ئەم چالاکە مەدەنییە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپادا بەتوندی ئەشکەنجە کرابوو و لەژێر ئەشکەنجەی توندی هێزە ئەمنییەتییەکاندا، ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ دژی خۆی کراوە.

ڕۆژی هەینی ٢ی پووشپەڕ، ئەم هاووڵاتییە کوردە لە کاتی چوونەدەرەوە لە وڵات، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە سنووری ورمێ دەسبەسەر کرابوو.

وەحید چاوران، بەهۆی بەشداری لە ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادی، لەژێر چاوەدێریی هێزە ئەمنییەتییەکاندا بووە.

هێزە ئەمنییەتییەکان چەند جار بۆ دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە کوردە پەلاماری ماڵەکەیان دابوو، بەڵام نەیانتوانیبوو دەسبەسەری بکەن.