کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی ٧٧ هاووڵاتی لە کوردستان لە ماوەی یەک مانگدا

09:05 - 10 پووشپەڕ 2723

لە ماوەی مانگی ژوئەنی ٢٠٢٣ی زایینی، ١٦٨ هاووڵاتی لە ئێران، لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراون کە ٧٧ کەسیان کورد بوون.

بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو" کە ڕێکەوتی ١٠ی پووشپەڕ بڵاو کراوەتەوە، لە ماوەی مانگی ژوئەنی ٢٠٢٣دا، لانیکەم ١٦٨ هاووڵاتی لە سەرتاسەری ئێران لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و بە بەراوردکردنی ئەم ئامارە لەگەڵ ئاماری مانگی مەی کە ١٠٧ حاڵەت تۆمار کرابوو، ڕێژەی دەسبەسەرکردنەکان ٥٧ لەسەد بەرز بووەتەوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لانیکەم ٧٧ هاووڵاتیی کورد و ٥٠ هاووڵاتیی بەلووچ دەسبەسەر کراون. هەروەها لەو دەسبەسەرکراوانە، ٢٥ کەسیان ژن، ١٦ کەسیان منداڵ و ٧ کەسیان خوێندکار و مامۆستای قوتابخانە بوون.

هەروەها ٧٦ لەسەدی ئەو کەسانەی کە دەسبەسەر کراون، واتە ١٢٧ حاڵەتی دەسبەسەرکردنەکان لە هاووڵاتییانی کورد و بەلوچ پێک هاتوون کە زیاترین ژمارەی دەسبەسەرکراوان کە دەکاتە ٧٧ حاڵەت، هاووڵاتیی کورد بوون.

لەلایەکی ترەوە "هەنگاو" ڕایگەیاندووە کە دەسبەسەرکردنی کەمینە ئایینی و مەزهەبییەکان لە مانگی ژوئەندا هەر وەک مانگەکانی ڕابردوو لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە بەردەوام بووە و لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانیکەم پێنج چالاکی مەزهەبی دەسبەسەر کراون.

هەروەها لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٢٥ ژن لە سەرتاسەری ئێراندا لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کراون کە ١٥ لەسەدی کۆی گشتیی دەسبەسەرکراوان لەخۆ دەگرێت کە ١٥ حاڵەت لە ژنانی دەسبەسەرکراو، ژنانی کورد بوون.