کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی ١٧٦ کەس لە خەڵکی ئاسایی و چالاکانی مەدەنی و سیاسی لە ماوەی ٣ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا

10:15 - 12 پووشپەڕ 2723

لە ماوەی سێ مانگی بەهاری ئەمساڵدا، لانیکەم ١٧٦ کەس لە خەڵکی ئاسایی و چالاکانی مەدەنی و سیاسیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە بە تۆمەتی چالاکیی سیاسی لە دژی کۆماری ئیسلامی دەسبەسەر کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان ''چاونیوز''، لانیکەم ١٧٦ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە بە تۆمەتی چالاکیی سیاسی لە دژی کۆماری ئیسلامی دەسبەسەر کراون کە ژمارەیەک لەوان دوای لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوەکانی ناوەندە ئەمنییەتییەکان، تا کاتی دادگاییکرانیان، بە دانانی بارمتە ئازاد کراون.

بەپێی ئەو ئامارە ٦١ کەس لەو ١٧٦ کەسە، حوکمی ٣ مانگ تا ١٢ ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپاوە.

هەروەها زیندانییەک لەژێر ئەشکەنجەدا کوژراوە و دوو بەندکراویش بەهۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکییەوە لە زینداندا گیانیان لەدەست داوە.

جیا لەو ئامارە، ڕێکەوتی ١٩ی جۆزەردان زیاتر لە ٣٠ کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی شەهیدانی شۆڕشی ژینا لە شارەکانی سنە، دیواندەرە و دێولان کە سەردانی گڵکۆی شەهیدان لە شارەکانی سەقز و بۆکانیان کردبوو، لە کاتی گەڕانەوەیاندا لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوون کە چوار کەسیان منداڵ بوون و پاش سێ حەوتوو هێشتا ژمارەیەک لەوان لە زینداندا ماونەتەوە.

دەسبەسەرکردنی نزیکەی ٢٠٠ کەس لە وەرزی یەکەمی ئەمساڵدا لە کاتێکدایە کە ساڵی ڕابردوو (١٤٠١) و بە تایبەت دوای دەستپێکی شۆڕشی ژینا، نزیک بە هەشت هەزار کەس دەسبەسەر کران کە ناوی زیاتر لە دوو هەزار کەسیان پشتڕاست کراوەتەوە.

ئەو کەسانە زۆربەیان بە تۆمەتی چالاکیی سیاسی و بەشداری لە خۆپیشاندانەکان، هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێران و چالاکیی سێنفی و مەدەنی دەسبەسەر کران و نزیک ٣٠٠ کەسیان ژن و پتر لە ١٧٠ کەسیان منداڵ بوون.