کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سنە؛ سەپاندنی سزای بەندکردن بەسەر دوو چالاکی کرێکاری

10:16 - 29 پووشپەڕ 2723

ئیقبال پیشکاری و عەبدوڵڵا خەیرئابادی، دوو چالاکی کرێکاریی خەڵکی سنە، لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی هەواڵی "کوردپا"، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، لقی ١ی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە شاری سنە بە تۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی، سزای ساڵێک بەندکردنی بەسەر ئیقبال پیشکاری و بە هەمان تۆمەت سزای ٢٠ مانگ بەندکردنی بەسەر عەبدوڵڵا خەیرئابادی، دوو چالاکی کرێکاریی خەڵکی شاری سنەدا سەپاند.

شایانی باسە کە سزای یەک ساڵ بەندکرانەکەی ئیقباڵ پیشکاری بۆ ماوەی ٢ ساڵ و هەروەها سزای ٢٠ مانگ بەندکرانەکەی عەبدوڵڵا خەیرئابادی بۆ ماوەی ٢ ساڵ و ٦ مانگ هەڵپەسێردراون.

شەوی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٧ی بانەمەڕ، ئەو دوو چالاکە کرێکارییە لەگەڵ کۆمەڵێک لە چالاکانی کرێکاری، بۆ بەرزڕاگرتنی یادی "هوومەن عەبدوڵڵاهی"، لە شەهیدانی ڕاپەڕین، چووبوونە ماڵی باوکی ناوبراو کە هێزەکانی ڕێژیم بەبێ بەڵگەی یاسایی هەڵیانکوتایە سەر ماڵی فەرشید عەبدوڵڵاهی و بە شێوەیەکی توندوتیژانە ئەوانیان دەسبەسەر کرد.