کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەپاندنی سزای هەشت مانگ بەندکران و لێدانی ٧٠ قامچی بەسەر مامۆستایەکی سەقزی لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە

11:12 - 29 پووشپەڕ 2723

ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی پووشپەڕ، سولەیمان عەبدی، ئەندامی یەکیەتیی مامۆستایانی کوردستان - سەقز، لەلایەن لقی ١٠٥ی دادگای تاوانەکانی سەقزەوە بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی گشتی لە ڕێگای بەشداریکردن لە کۆبوونەوەیەک لە گۆڕستانی ئایچی" لە شاری سەقز، سزای هەشت مانگ بەندکران و لێدانی ٧٠ قامچیی بەسەردا سەپێندرا.

دادگای ڕێژیم دواتر ماوەی بەندکرانەکەی ناوبراوی گۆڕی بۆ ٧٢٠ کاتژمێر وانەوتنەوە بۆ ئەندامانی کومیتەی ئیمدادی سەقز و لێدانی ٧٠ قامچییەکەی بۆ ماوەی دوو ساڵ هەڵپەسارد.

شایانی باسە سولەیمان عەبدی ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠١، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و بۆ لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە سنە گوازرابوویەوە و ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٢، دوای تەواوبوونی پرۆسەی لێپرسینەوە بۆ زیندانی سەقز ڕاگوێزرابوو.

دواتر ڕۆژی دووشەممە ٢١ی پووشپەڕ بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی تا کۆتایی جێبەجێکرانی سزاکەی بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی سەقز ئازاد کرابوو.

جێگای ئاماژەیە لە کاتی گەڕان و پشکنین لە ماڵی ئەم چالاکە سەقزییەدا، هێزەکانی ڕێژیم دەستیان بەسەر مۆبایلەکەی خۆی و ئەندامانی بنەماڵەکەیدا گرتبوو و لەگەڵ خۆیان بردبوویان.