کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەرمی کۆمەڵایەتی، هێزی کۆمەڵگا

12:00 - 29 پووشپەڕ 2723

کەریم پەرویزی

یەکێک لەم ڕۆژانە لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا، کچێکی بێ لەچک لە شوێنێکی تاران وێنەیەکی لە خۆی گرتبوو و بڵاوی کردبووەوە. لەسەر وێنەکەش نووسیبووی کە بۆ ئازادیی پۆشین، شەهیدمان داوە و لە ڕێگاکەمان ناگەڕێینە دواوە.

چەند ڕۆژ دواتر، کچێکی لەچک بەسەر و سەر بە ڕێژیم، وێنەی تویتەکەی ئەو کچەی دانابوو و لەسەری نووسیبوو ئەمەتان لەبیرە، ئێستە گۆنی بەسەریدا کرا و بە گاڵتەوە نووسیبووی کە ئێستە حاڵی بوو کە دەسەڵات لە کوێیە!

لە دوای ئەم تویتەی ئەم کچەی سەر بە ڕێژیم، هەندێ لە کەسانی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان گەڕابوون و زانیارییان لەسەری وەدەست هێنا و لە تویتێر بڵاویان کردەوە کە ئەمە ناوی فڵانە و گوایە پارێزەرە لە تاران، بەڵام دیارە کە پارێزگاری لە تاوانەکانی ڕێژیم دەکا و زانیاری لەسەر بنەماڵە و کەسوکاریشی بڵاو کرایەوە.

ئەمە نموونەیەکی بچووکی داستانی ئەم ڕۆژانەی نێو وڵاتی ئێران و ئەوەیە کە لەسەر شەقام و گەڕەک، لەنێو نەتەوەکانی ئێران ڕوو دەدەن.

هەرچەند ڕەنگە جیاوازیی هەڵسوکەتی مۆرەکانی ڕێژیم و ئەو شتەی کە لەسەری هەستیارن لەنێو نەتەوەیەک بۆ نەتەوەی دیکە جیاواز بێ. بۆ وێنە لە تاران پرسەکە زۆرتر دەکەنە پرسی لەچک و داپۆشینی ژنان و لە کوردستان پرسەکە نەتەوەییە و کوردبوون تاوانە!

لە تاران ڕەنگە بە تەزەکور و بەڵێننامە پڕکردنەوە، سەرکوتەکەیان بەڕێوە ببەن بەڵام لە کوردستان و بەلووچستان، بە کوشتار و تەقەی ڕاستەوخۆ وەلآمی هاواری خەڵک دەدەنەوە.

بەڵام ئەوەی لە هەموویاندا هاوبەشە، بریتییە لە سیاسەتی ڕێژیم بۆ پەرتەوازەکردنی کۆمەڵگا و ئەوەی ڕێکاری باشە بەرامبەر بەو سیاسەتەی ڕێژیم بریتییە لە پەرچەکرداری کۆمەڵایەتی بەرامبەر پیلانەکانی ڕێژیم!

لەم نموونەیەی کە لە تاران و لەسەر لەچک و پۆشینی ژنان باسمان کرد، ڕێژیم وێڕای دەسبەسەرکردن و سەرکوتی ئەو کچە و ژنانی دیکە کە پۆشینی بە دڵی ڕێژیم لەبەر ناکەن، هەوڵ دەدا کە درز بخاتە نێو کۆمەڵگا و مۆرەیەکی خۆی کە ڕەنگە زۆر کەس نەیناسن دەنێرێ تاکوو لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان هەڵوێست بگرێ و بەخۆشحاڵییەوە باس لەوە بکا کە ئەو ژنە بەقەول بێحیجابانە دەسبەسەر دەکرێن. بەم شێوە هەم ڕێژیم بڵێ کە داواکردنی پۆشینی حیجاب، داواکاریی خەڵکە و خەڵک ئەم بێحیجابییەی ژنان قبووڵ ناکەن. لەلایەکی دیکەوە مۆرەیەکی خۆی وەکوو نموونەی خەڵک نیشان بدا و لەو ڕێگەوە پەرتەوازەیی لەنێو ڕیزی خەڵک دروست بکا و بەرهەڵستی بەرامبەر بە ڕێژیم بگوازێتەوە بۆ نێو کۆمەڵگا و بیکا بە مشتومڕی نێوان خەڵک و لێکیان داببڕی و بێ ئێعتماد بن بەرامبەر بەیەک.

هەمان کار و بە شێوەی دڕندانەتر، لە کوردستان پێڕەوی دەکا. لە کاتێکدا کە بەردەوام لاوان و ژنان و خەلكی تێکۆشەری کورد دەسبەسەر دەکا یان لەژێر ئەشکەنجە شەهیدیان دەکا، یان لە تێکۆشەرانی کورد تیرۆر دەکا، لە هەمانکاتدا مۆرەکانی خۆی دەنێرێتە نێو خەڵک تاکوو دڕدۆنگی دروست بکەن! یەکیان وای بڵاو دەکاتەوە کە ئەوە هەموو قوژبنێکی کۆمەڵگا پرە لە کەسانی سەر بە ڕێژیم و نابێ ئێعتماد بە هیچکەس بکەن! ئەوە ڕیزی تێکۆشەران هەموو پڕاوپڕە لە نفووزییەکانی ڕێژیم و ئێعتماد بە کەس مەکەن! بە سەدان وتە و دەنگۆی دیکە بڵاو دەکاتەوە و هەوڵ دەدا کە ئەو تاوانەی ڕێژیم کردوویە فەرامۆش بکرێ و خەڵک خەریکی مشتومڕی لاوەکی بن!

بەرامبەر بە وەها سیاسەت و پیلانێکی ڕێژیم ڕێگای زۆر هەیە کە بەرپەرچ بدرێتەوە و پیلانەکانی بەتاڵ بکرێتەوە. یەکێک لە کاریگەرترین کاردانەوە بەرامبەر بە پیلانەکانی ڕێژیم و هەوڵەکانی بۆ تێکدانی ڕیزی کۆمەڵگا بریتییە لە پەنابردنە بەر چەکی شەرمی کۆمەڵایەتی.

یەکێک لە خاڵە بەهێز و کاریگەرەکانی هەر کۆمەڵگایەک بۆ دژایەتیی دەسەڵاتە ملهوڕ و سەرەڕۆکان، هاوپێوەندیی کۆمەڵایەتی و ئێعتمادی کۆمەڵایەتییە کە دڵنیایی بە کۆمەڵگا دەدا کە دەتوانن درێژە بە خەبات بدەن و ستەمکار وەلا بنێن. بۆیە ڕێژیمە ستەمکار و سەرەڕۆکان هەوڵ دەدەن کە ئێعتمادی کۆمەڵایەتی لەنێو ببەن تاکوو خەڵک یەکدی نەدۆزنەوە.

لەبەرامبەر وەها پیلانێکدا پەنابردنە بەر تاکتیکی شەرمی کۆمەڵایەتی کاریگەریی باشی لەسەر کۆمەڵگا هەیە و دەبێتە هۆی وەگەڕخستنی هێزی کۆمەڵایەتی.

لەم نموونەیەی ژنان و حیجاب لە تاران کە باسمان کرد، دۆزینەوەی زانیاری لەسەر ئەو مۆرەیەی ڕێژیم کە بەخۆشحاڵیەوە باسی لە دەسبەسەرکردنی ژنان کردبوو، دەبێتە هۆی ئەوە کە لەنێو کۆڵان و گەڕەکەی خۆیان هەست بە شەرمەزاری بکا کاتێک لەگەڵ خەڵکی ئاشنای دەوروبەری شوێنی ژیانی خۆی بەرەوڕوو دەبێتەوە.

نیگەرانیی کۆمەڵایەتی و هەست بە شەرمەزاری کردن ڕەنگە لە سەرەتادا نیشان نەدرێ، بەڵام مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە و کاتێک بزانێ کە ژینگەی ڕۆژانەی پڕ بووە لەو چاو و نیگایانەی کە بە سووک چاوی لێ دەکەن و وەکوو شتێکی زیادیی نێو کۆمەڵگای دەبینن، ئارامیی ژیانی نامێنێ و تووشی شەرمێک دەبێ کە ژیانی ئاسایی پێ ناکرێ.

ئەو شەرمە کۆمەڵایەتییە، دەتوانێ ژیانی ئاساییی مۆرەکانی ڕێژیم نائاسایی بکا و هەموو کۆمەڵگا لێک نزیک بکاتەوە. لەباتی ئەوەی بێئێعتماد بن بەرامبەر بە یەک، لە هەستێکی نەفرەت بەرامبەر بە بەکرێگیراوانی ڕێژیمدا هاوبەش دەبن و هەست بە هاوپێوەندیی کۆمەڵایەتی دەکەن.

شەڕێکی بەردەوام و  دژوار لە کۆمەڵگا لە ئارادایە. لەلایەکەوە ڕێژیم بە هەموو پیلانێک هەوڵ دەدا وێڕای سەرکوت و ستەم لەسەر خەڵک، لێکیان داببڕێ و پەرتەوازەیان بکا، لەولاشەوە پێویستە کۆمەڵگا لێک نزیک ببێتەوە و هەستی بێزارییەکەی بەرامبەر بە مۆرەکانی ڕێژیم فراوانتر بێ و هەزینەی بەکرێگیراوی بباتە سەر بۆیان!

یەکێک لە نموونە مێژووییەکانی شەرمی کۆمەڵایەتی، لە شاری سنە لە شۆڕشی ژینادا ڕووی دا. ئەو کاتەی کە سەرۆککۆماری تاوانباری ڕێژیم سەردانی شاری سنەی کرد و پیلانەکەیان ئەوە بوو کە وێڕای ئاسایی نیشاندنی دۆخی شار، بەسەردانکردنی هەندێ کەس دوو دەستەیی و پەرتەوازەیی لەنێو خەڵک دروست بکەن و لە دووکانێکیشدا کەسێک شوکولاتێکی بە سەرۆککۆمار دا! بەڵام هێزی کۆمەڵگا وای لێ کرد کە لە شەرمی کۆمەڵایەتیدا ئەو دووکاندارە داوای لێبوردنی لە خەڵک کرد و تەنانەت هاواری سەرۆککۆمارە ترسنۆک و ستەمکارەکەش هەستا و گلەیی کرد کە شوکولاتەکەیان لێ کرد بە ژەهری تاڵ!

ئەمە ئەو گۆڕەپانە بنەڕەتییەیە کە ڕێژیم هەوڵ دەدا کە بە بێئێعتمادی دروست کردن و دەنگۆ بڵاو کردنەوە، لێکترازان لە کۆمەڵگادا دروست بکا و بۆ هەتا هەتایە بەسەریدا زاڵ بێ، لە بەرامبەریشدا پێویستە کە هێزە کۆمەڵایەتییەکان وەگەڕ بخرێن و کۆمەڵگا زیاتر و زیاتر خۆی بدۆزێتەوە و خەڵک لێک نزیک ببنەوە و مۆرە بەکرێگیراوەکانی ڕێژیم تێیدا هەست بە شەرمەزاری بکەن و نەتوانن ژیانی ئاساییان لەنێو کۆمەڵگا بەڕێوە ببەن.

شەقام و کۆڵانی کۆمەڵگا، مەیدانی سەرەکیی بەربەرەکانێیە و پێویستە کە کۆمەڵگا هێزکانی خۆی بناسێ و بە باشی کەڵکی لێ وەر بگرێ.

وەرگیراو لە بەرنامەی هزرین