کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژران و برینداربوونی ٣٥ کۆڵبەر لە ماوەی بەهاری ئەمساڵدا

10:22 - 12 پووشپەڕ 2723

لە ماوەی سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، ٣٥ کۆڵبەر و کاسبکاری ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بوونەتە قوربانیی سیاسەتی پەرەنەسەندنی کوردستان لە ڕووی ئابووری‌ و ڕەفتاری دوژمنکارانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەرحەق بە گەلی کورد.

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان ''چاونیوز'' ٣٥ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە ماوەی ٣ مانگی یەکەمی ساڵی ١٤٠٢ی هەتاوی، بە تەقەی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران کوژراون و بریندار بوون.

بەپێی ئەو ئامارە، لەو ٣٥ کۆڵبەرە ٧ کەسیان گیانیان لەدەست داوە و ٢٨ کۆڵبەریش بریندار بوون.

کوژران و برینداربوونی ٣٥ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە وەرزی بەهاری ئەمساڵدا لە حاڵێکدایە کە لە ساڵی ڕابردوویشدا (١٤٠١) ٢٢٥ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆ، تەقینەوەی مین، بەربوونەوە لە بەرزایی بەهۆی ڕاودوونان و هەروەها ڕەقهەڵاتن لە سەرما، گیانیان لەدەست دابوو و بریندار ببوون. لەو ٢٢٥ قوربانییەی ساڵی ڕابردوو ٢٩ کەسیان کوژرابوون و هەروەها ١٩٦ کەسیش بریندار ببوون.