کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی وەزیری دەرەوەی نۆروێژ لەگەڵ حیزب و ڕێكخراوە كوردستانییەكان

11:10 - 29 پووشپەڕ 2723

ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی پووشپەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، لەسەر داوای "ناوەندی دیاسپۆرای کورد لە نۆروێژ"، کۆبوونەوەیەک لەسەر پرسی کورد لەنێوان ئانیکن هوتفێڵد، وەزیری دەرەوەی نۆروێژ و حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکان لەو وڵاتە پێک هات.

لە کۆبوونەوەکەدا کە بەشی پێوەندییە نۆروێژییەکانی حیزب، نوێنەرانی کۆمیتەی دەرەوەی یەکیەتیی ژنان لە وڵاتی نۆروێژ بەشدار بوون، وەزیری دەرەوەی نۆروێژ لە سەرەتادا بە کورتی باسێکی لەسەر بارودۆخی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان پێشکەش کرد.

ناوبراو لە باسەکەیدا وێڕای تیشک خستنە سەر هەلومەرجی نالەباری کوردان، جەختی کردەوە کە حکوومەتی نۆروێژ بۆ پرسی کورد لە هەموو پارچەکاندا، پشتیوانی لە ڕێگاچارەی ئاشتییانە دەکات.

 لە بەشی دووەمی کۆبوونەوەکەدا کە بۆ پرسیار، تێبینی، ڕەخنە و سەرنجی بەشداربووان دیاری کرابوو، پێوەندیی حکوومەتی نۆروێژ لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، هەڵسوکەوتی پڕ لە توندوتیژی و بێ‌بەزەییانەی ڕۆژانەی ڕێژیم لەگەڵ نەتەوە بندەستەکان، هێرش و هەڕەشەکانی ڕێژیم بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە خاکی باشووری کوردستان، بەشێک بوون لەو خاڵانەی کە خرانە بەر باس.

 شایانی باسە کە سەرۆکی شارەوانیی شاری "فرێدریکستاد" و بەربژێری حیزبی کاری نۆروێژ بۆ سەرۆکی شارەوانیی شاری سارپسبۆرگ، بەشداری کۆبوونەوەکە بوون.