کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەسێدارەدانی زیاتر لە ٢١ بەندکراوی کورد لە ماوەی ٣ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا

10:26 - 12 پووشپەڕ 2723

لە ماوەی سێ مانگی بەهاری ئەمساڵدا لانیکەم ٢١ بەندکراوی کورد کە پێشتر بە تاوانی کوشتنی بەئەنقەست یان تاوانەکانی پێوەندیدار بە مادەی هۆشبەرەوە سزای ئێعدامیان بەسەردا سەپابوو، لەسێدارە دراون.

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان ''چاونیوز'' لە ماوەی ٣ مانگی یەکەمی ساڵی ١٤٠٢ی هەتاوی، لانیکەم ٢١ بەندکراوی کورد لە چوار پارێزگای کرماشان، سنە، ئیلام و ورمێ کە پێشتر بە تاوانی کوشتنی بەئەنقەست یان تاوانەکانی پێوەندیدار بە مادەی هۆشبەرەوە سزای ئێعدامیان بەسەردا سەپابوو، لەسێدارە دراون.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە یەکێک لەو بەندکراوانە بە ناوی هێمن مستەفایی، زیندانیی سیاسی بوو کە بە تۆمەتی ئەندامیەتیی حیزبێکی کوردیی دژبەری ڕێژیمی ئێران و کوشتنی ئەندامێکی سپای پاسداران، لەسێدارە دراوە.

جێگەی ئاماژەیە کە ئاماری لەسێدارەدراوان لە کوردستان لە ماوەی ساڵی ڕابردوویشدا (١٤٠١) لانیکەم ٨٧ کەس بوو کە ‌به‌پێی ڕێژه‌ی حه‌شیمه‌تی کورد له‌ ئێران و ئاماری لەسێدارەدراوان له‌و وڵاته‌، له‌ بواری پێشێلکردنی مافی مرۆڤیشدا کورد زۆرترین پشکی  به‌رکه‌وتبوو.