کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆڕاگری: لە ماوەی مانگی پووشپەڕدا ٨١ چالاکی سیاسی و مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەسبەسەر کراون

12:17 - 1 گەلاوێژ 2723

ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئاماری چالاکانی سیاسی و مەدەنیی دەسبەسەرکراو و حوکمدراوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە مانگی پووشپەری بڵاو کردەوە.

بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکانی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە یەک مانگی ڕابردوودا، واتە مانگی پووشپەری ١٤٠٢ی هەتاوی، ٨١ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتی دژایەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی دەسبەسەر کراون و ڕەوانەی گرتنگە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات کراون کە بەشێکیان دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوە بە بارمتەی قورس ئازاد کراون و بەشێکیان تا ئێستا چارەنووسیان ناڕوونە.

بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکانی ئەنجومەن، لە مانگی پووشپەری ١٤٠٢ی هەتاویدا، ١٨ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە پێشتر لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکان دەسبەسەر کرابوون و لێکۆڵینەوەیان لێ کرابوو، لەلایەن دادگای ئینقڵابی کۆماری ئیسلامیی ئێران کەیسەکانیان یەکلایی کراوەتەوە و سزای بەندکران و پێبژاردن و قامچییان بەسەردا سەپێندراوە.

بە شێوەیەکی گشتی ئەو هاووڵاتییانە لەسەریەک بە ٢٣ ساڵ و ٧ مانگ و ١ ڕۆژ بەندکرانی تەعزیری و لێدانی ٢٣٠ قامچی و ١٦ میلیون تمەن پێبژاردن سزا دراون.