کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپێشاندان بە دژی چوونی بەرپرسی کۆمیتەی مەرگ لە ساڵی۶٧ی هەتاوی لە ئێران بۆ ئاڵمان

10:39 - 2 گەلاوێژ 2723

هەواڵی چوونی "حوسێنعەلی نەیەری" یەکێک لە بەرپرسانی سەرەکیی کوشتاری بەکۆمەڵی ساڵی ٦٧ی هەتاوی بۆ ئاڵمان بۆ چارەسەریی پزیشکی، ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی چالاکانی سیاسیی ئێرانی و کوردستانیی لەو وڵاتە لێ کەوتەوە.

پاش ئەوەیکە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەنگۆی چوونی یەکێک لە سەرەکیترین بکوژانی ساڵی ٦٧ی هەتاوی و بەرپرسی کۆمیتەی مەرگ لە ئێران بۆ ئاڵمان بە مەبەستی چارەسەریی پزیشکی بڵاو کرایەوە، چالاکانی سیاسیی کوردستانی و ئێرانی لە بەردەم نەخۆشخانەی تایبەتی پڕۆفیسۆر سەمیعی کە کەسێکی ئێرانییە و پێشتریش نەشتەرگەریی بۆ چەند کەس لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی کردووە، کۆ بوونەوە و خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد.

هەر لەسەر ئەو بابەتە بەشێک لە چالاکانی سیاسی بە تۆمارکردنی سکاڵا لە دەزگای دادوەریی ئاڵمان، خوازیاری دادگاییکردنی ناوبراو بەهۆی جینایەتەکانییەوە بوون و بڕیارە ڕۆژانی داهاتوو خۆپیشاندانەکان بەرینتر ببنەوە و لە وڵاتەکانی دیکەی ئورووپاش بەڕێوە بچێت.

هەروەها نە دەزگای دادوەریی ئاڵمان و نە وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە هیچ لێدوانێکیان لەوبارەوە نەداوە.

شایانی باسە کە لەو خۆپیشاندانەدا، بەشێک لە ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە ئاڵمان چالاکانە بەشدار بوون.