کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکیی ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە ئاڵمان، دژ بە سیاسەتەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران

11:44 - 2 گەلاوێژ 2723

ئاکسیۆنێک لە ئاڵمان دژ بە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەلایەن ئەندامانی حیزبی دێموکراتەوە بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٣١ی پووشپەڕ، ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆمیتەی ناوچەی "نۆردڕاین وێستفاڵێن"ی ئاڵمان، ئاکسیۆنێکی یەک ڕۆژەیان لە شاری کۆڵن بە مەبەستی ناڕەزایەتی و مەحکوومکردنی لەسێدارەدان، میلیتاریزەکردنی کوردستان، تێرۆر و بەندکردن لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران و بە مەبەستی ڕاکێشانی ڕای گشتیی جیهان بۆ پشتیوانی لە بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کوردستان و شۆڕشی ژینا، بەڕێوە برد.

‎ئاکسیۆنەکە کاتژمێر ١٠ی بەیانی بە هەڵکردنی خێوەت و دانانی وێنەی شەهیدان، بەتایبەت شەهیدانی دەستی تێرۆری ڕێژیمی پەت و سێدارە و زیندانییانی سیاسی و بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان، دەستی پێ کرد.

دواتر ئاکسیۆنەکە بە بڵاوکردنەوەی تراکت و نووسراوەی تایبەت درێژەی پێ درا و لەلایەن لەعلا کەیخوسرەوی، پەیامێک بە زمانی ئاڵمانی پێشکەش کرا و پاشان بە پێشوازییەکی گەرمی ئەندامانی حیزب لە خەڵکی ئاڵمان و خەڵکانێکی تر کە بە مەبەستی پرسیارکردن سەردانی ئاکسیۆنەکەیان دەکرد، وڵامی پرسیارەکان دەدرایەوە و کاتژمێر ٦ی ئێوارە کۆتایی پێ هات.

شایانی باسە کە لەم ئاکسیۆنەدا، ‎نوێنەرانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و حیزبی چەپی ئێران بەشدار بوون.