کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێكخراوێكی ئاڵمانی سیمینارێکی سیاسیی لەسەر خەباتی نەتەوەكانی ئێران پێک هێنا

12:26 - 2 گەلاوێژ 2723

ڕۆژی هەینی ڕێكەوتی ٣٠ی پووشپەری ١٤٠٢ی هەتاوی، ڕێكخراوێكی ئاڵمانی لە فرانکفۆرت، سیمینارێکی سیاسیی لەسەر خەباتی نەتەوەكانی ئێران پێک هێنا و نوێنەرایەتیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە ئاڵمان، بانگهێشتی ئەو سیمینارە سیاسییە كرا.

یەكەم پانێلی ئەو سیمینارە لەژێر ناوی ''ئاڵوگۆڕی سیاسی بە كردەوەی كرداری دێتە دی''، بەڕێوە چوو كە بەڕێزان سوڵتان گوڵاوی، بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزب لە ئاڵمان، پێگاهـ عەداڵاتیان، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی حیزبی سەوزی ئاڵمان، حەبیب كایزا، نوێنەری حیزبی سوسیال- دێموكراتی لە فرانكفۆرت و دانیێل سەپێری، ڕۆژنامەوان و چالاکی سیاسی، وتاریان پێشكەش بە بەشداربووان كرد.

لەو سیمینارەدا بەرپرسی بەشی پێوەندییەكانی حیزبی دێموکرات لە ئاڵمان لە قسەکانی خۆیدا باسێکی لەسەر تێرۆرەکانی ڕێژیمی ئێران لە ئورووپا کرد کە چۆن ڕێبەرانی گەلی کورد لەوانە دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرفکەندی و تێکۆشەرانی دیکە لەلایەن تێرۆریستەکانی ئەو ڕێژیمە تێرۆر کراون.

ناوبراو لە قسەکانیدا وتی كە دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئێران تێرۆر و كوشتنی دەژبەرانیان وەکوو بنەمایەكی سەرەكیی سیاسەتەكەیان گرتووەتە بەر كە هەر لەو ماوەیەدا سێ ئەندامی دیكەی حیزبی دێموکرات بەدەستی تێرۆریستەكانی ڕێژیمی ئێران تێرۆر كراون.

سوڵتان گوڵاوی لە درێژەی قسەکانی خۆیدا وتی: ''ئێمە وەک حیزبی دێموكراتی کوردستانی ئێران بۆ ڕووخانی كۆماری ئیسلامیی ئێران خەبات دەكەین و لەگەڵ زۆر لایەنی دیکە لەسەر ئەو باوەڕەین کە ئێران لە داهاتوودا دەبێ دیسنتراڵ بکرێت و چیتر حکوومەتێکی ناوەندگەرا نەبێت، ئەم ناناوەندگەراییە و دابەشکردنی دەسەڵاتە تەنیا لە چوارچێوەی پێکهاتەیەکی دێموکرات و فیدراڵ لە کۆمەڵگە و حکوومەتدا بەدی دەکرێت."