چوار هاووڵاتی بە ناوەکانی مێهرداد قەیسەربەیگی، ئەیووب گەڕاوەند، یوونس گەڕاوەند و نەوید محەممەدنژاد، خەڵکی شاری سەراوڵەی سەر بە پارێزگای ئیلام، بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەسەر ناڕوونیی چارەنووسیان و پێڕانەگەیشتن بە دۆسییەکەیان، لە بەندیخانەی ناوەندیی ڕێژیم لە ئیلام مانیان لە خواردن گرت.
بەپێی ڕاپۆرتی "هەنگاو"، لە ڕۆژی یەکشەممە ١ی گەلاوێژەوە، چوار هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شاری سەراوڵە بە ناوەکانی مێهرداد قەیسەربەیگی، خێزاندار و تەمەن ٣٤ ساڵ، ئەیووب گەڕاوەند، خێزاندار و تەمەن ٣٦ ساڵ، یوونس گەڕاوەند و نەوید محەممەدنژاد، تەمەن ٢٦ ساڵ و ڕاهێنەری وەرزشی وشۆ، لە بەندیخانەی ناوەندیی ڕێژیم لە ئیلام مانیان لە خواردن گرتووە.
ئەم چوار هاووڵاتییە کە ماوەی ٤٣ ڕۆژە دەسبەسەر کراون و لە بەندیخانەی ناوەندیی ڕێژیم لە ئیلام ڕاگیراون، بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەسەر ناڕوونیی چارەنووسیان و پێڕانەگەیشتن بە دۆسییەکەیان، لەلایەن داواکاری گشتیی ئەو شارەوە، مانیان لە خواردن گرتووە.
ئەو هاووڵاتییانە ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی جۆزەردان لە شاری سەراوڵە و لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوون.
شایانی باسە کە مێهرداد قەیسەربەیگی و ئەیووب گەڕاوەند پێشتر لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوودا لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە لە شاری سەراوڵە جارێکی تر دەسبەسەر کرابوون.