یەعقووب ڕەوا
لە سەروەختی تای جیهانی بزووتنەوە کۆمۆنیستی و سۆسیالیستییەکان و ململانێی هێڵە جیاوازەکانیدا، قاسملوو کەسێک بوو چیتر باوەڕی بە بیروباوەڕەکانی باو لە ژێر ئیدەی عەداڵەتخوازیدا نەمابوو. ئەو کە پێشتر خۆی بە مارکسیست و کۆمۆنیست دەزانی، لە تێزی "سۆسیالیزمی دیموکراتیک"دا وەکو دێموکراسیخوازێکی عەداڵەتخواز دەردەکەوێت.
بەهاری پراگ بەهاری فیکریی قاسملووش بوو. هزری ئەلێکساندەر دوبچەک، سەرکردەی ئازادیخوازی چیکۆسلۆڤاکیا، هەمان ئەو وڵاتەی کە قاسملوو تێیدا خوێندوویەتی و لە گرنگترین زانکۆکەیدا مامۆستا بوو، سێبەرێکی قورسی خستبووە سەر کۆمەڵگە و ژینگەی فیکری و ئەکادیمیی ئەو وڵاتە. دوبچەک دەیگوت؛ سۆسیالیزمی ئێمە دەبێ ڕووخسارێکی ئینسانیی هەبێت. هەرچەندە سەرۆکی حیزبی کۆمۆنیست بوو، بەڵام ئیدی بڕوای بە دیکتاتۆریی پرۆلیتاریا و لە ڕاستیدا حیزبی کۆمۆنیست نەمابوو. چاکسازییەکانی لە کردنەوەی فەزای فیکری، سیاسی، ڕۆژنامەوانی، چاکسازی ئابووری و دێسانترالیزەکردنی سیاسەت و فراوانکردنی فیدراڵیزمی چیکۆسلۆڤاکیا بە دڵی فەرمانڕەواکانی سۆڤییەت نەبوون. ئەو خەڵکەی تازە لەو ماوە کورتەدا هەوای ئازادییان هەڵمژیبوو، لەناکاو ڕووبەڕووی هێرشی توند و سەربازیی بلۆکی پەیمانی وارشۆ بوونەوە.
لەو کاتەدا قاسملوو کە مامۆستای زانکۆی پراگ بوو، لەگەڵ ڕووناکبیران و ئازادیخوازانی دیکە وێڕای ئیمزای نامەیەک و بڵاوکردنەوەی ئەم هێرشەیان مەحکووم کرد و بەرگرییان لە ئازادییە هەبووەکان کرد. ئەم هەڵوێستە بووە هۆی ئەوەی نەک هەر لە زانکۆ، بەڵکوو لە چیکۆسلۆڤاکیاش دەربکرێت.
دوکتور قاسملوو کە وەک بەهاری پراگ بە قووڵی گۆڕدڕابوو، خۆی لە سۆسیالیزمی هەبوو دوور خستەوە و مەودایەکی زۆریان کەوتە بەین. توخمە بنەڕەتییەکەی گۆڕانی فیکریی قاسملوو، ڕەتکردنەوەی هەر شێوە دیکتاتۆرییەت و ئیمان بە دێموکراسییەت بوو. ئەو جەوهەرەی کە لە نزیکەی هەموو ڕەوتی چەپەکانی بلۆکی ڕۆژهەڵات و وڵاتانی جیهانی سێیەم، لە کوباوە هەتا ئالبانی و ئەفغانستان، بێڕەنگ بوو. بە بڕوای قاسملوو، سۆسیالیزم نەک بەرتەسککردنی ئازادییە بنەڕەتییەکانی مرۆڤە نییە، بەڵکو دەبێ لە خزمەتی گەشەکردنی تاکی مرۆڤ و کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا بێ. ئەویش وەک دوبچەک پێی وابوو ئازادی واتا نکۆڵیکردنە لە هەر جۆرە چەوساندنەوە و مۆرەبوون و بەرزکردنەوە ئینسان بۆ تاکایەتییەکی بەڕێز و خاوەن بوون. لەم ڕوانگەیەوە ئامانجی خەباتی مرۆڤ تەنیا ڕزگاریی چینایەتی نەبوو، بەڵکو گەشەکردنی تاکیش بوو. تێگەیشتنێکی ڕادیکاڵ و قووڵ لە ئازادیی مرۆڤ کە سنوورێکی دیاریکراوی لەگەڵ دێموکراسیی بۆرژوازی و مێگەلڕوانی چەپدا هەبوو. لە هەردووکیاندا مرۆڤ ئیتر بوونەوەرێکی ئازاد نەبوو، بەڵکوو ئامرازێک بوو. هەرچەندە ئەو ئازادییە کۆمەڵایەتی و سیاسی و تاکەکەسییانەی ئەو تەکەزی لەسەر دەکردن، جیاوازییەکی زۆریان لەگەڵ دێموکراسیی لیبراڵدا نەبوو، بەڵام لە بواری ئابووریدا، وێڕای ڕێزگرتن لە ئازادیی هەڵبژاردنی تاک لە دەستێوەردانی ئابووریدا، دابینکردنی ژێرخانی ئابووریی-کۆمەڵایەتی بەئەرکی حکوومەت دەزانی لەپێناو بەدیهێنانی کۆمەڵگەیەک دوور لە چەساندنەوە. سنووری دیاریکراوی ڕوانگەی قاسملوو لەگەڵ سۆسیال دێموکراسی، خۆبەدەستەوەدان و تەسلیمبوونی بوو لە بەرانبەر گەشەی سەرمایە و بەهای زیادکراو.
بەڕای ئەو کۆمەڵگەی سۆسیالیستیی ئیدەئال نەک کۆمەڵگایەکی بێ چین بەڵکوو کۆمەڵگەیەکی بێچەوساندنەوە بوو. زۆر بە دیاری لە تێزی سۆسیالیزمی دێموکراتیک و ڕوونکردنەوەیدا، ئاماژە بۆ کەمکردنەوەی کەلێنی چینایەتی دەکا نەک نەهێشتنی. ئەو تیۆرییانەی گەشەسەندن کە لە ساڵانی دواتردا پێشنیار کراون و تیشکیان خستە سەر سەرمایەی مرۆیی و کۆمەڵایەتی، زۆرترین یەکدەنگییان هەیە لەگەڵ بیرکردنەوەی قاسملوو. لەکاتی ڕوونکردنەوەی "کورتە باس"دا، بەڕوونی باس لەوە دەکات کە بیست بۆ بیست و پێنج ساڵ پێویستە بۆ جێبەجێکردنی سۆسیالیزم لە کوردستاندا. ئاماژەش بەوە دەکات، ئەگەر بتوانرێت بەرە بەرە جیاوازیی مووچە بۆ یەک بۆ دە لە ماوەی چەند ساڵێکدا کەم بکرێتەوە، ئەمە سەرکەوتنێکی گەورە دەبێت.
جەوهەری "سۆسیالیزمی دیموکراتیک" گەشەسەندنی کوردستانە لە ناوچەیەکی ناپێشکەوتووەوە بۆ وڵاتێک کە خەڵکەکەی هەست بە بەختەوەری بکەن. گەیشتن بە ئامانجێکی لەو شێوەیە جگە لە دەست بردن بۆ بیردۆز و ڕێکارەکانی گەشەپێدان نەدەکرا. گەشەسەندن لە ناوئاخنی خۆیدا فرەڕەهەندە و زۆربەی تیۆرییەکانی گەشەپێدان لەسەر بنەمای گەشەسەندنی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، کولتووری و هتد ڕاوەستاون. لە گرنگیی ئازادی و دێموکراسی نزیک لە لیبراڵ دێموکراسی و جەختکردنەوەی لەسەر پێویستی دامەزراندنی سیستەمێکی دیموکراتیک لەسەر بنەمای بەشداریکردنی هەموو سپێکترۆم و ڕەوتە سیاسییەکان دەردەکەوێت گەشەسەندنی سیاسیی هاوشانی گەشەسەندنی ئابووری لە عەینی کاتی دیسانترالیزەبوونی دەسەڵاتی سیاسی لە هزری قاسملوودا چەندە تۆخە.
ئەو کە لە گەنجیەوە چووبووە ئورووپا، زیاتر لە هەر غەیرە ئورووپاییەک لە جەوهەری گۆڕانی بیرکردنەوە و ژیانی ئورووپا تێگەیشتبوو. زۆر باش لەوە تێگەیشتبوو کە جەوهەری پێشکەوتنی هەر کۆمەڵگەیەک بوونی بیرکردنەوەیەکی ڕەخنەگرانەیە. خاڵی وەرچەرخانی ڕێنێسانسی ئورووپایی، پێکهاتنی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی بوو لەبارەی خۆیەوە. ئەو ڕاچڵەکانە گەورە فیکرییەی کە بە گومانەوە سەیری هەموو شتێکی پێش خۆی دەکرد. سەرەتا لە سوژە تێدەگەیشت، پاشان دەیخوێندەوە و دواجار ڕەتی دەکردەوە و بیرۆکەیەکی نوێی لەسەر خۆڵەمێشی بیرە کۆنەکان هەڵدەچنی. ئەم شێوازە بیرکردنەوە هەموو مرۆڤێکی بە چەکێک تەیار دەکرد کە هیچ بیرکردنەوەیەک نەیتوانی ڕامی خۆی بکات. بیری ڕەخنەگرانە سەرەتا لە فەلسەفە و هونەر و ئەدەبدا دەرکەوت و دواتر لە زانستە ئەزمونییەکان و ڕەهەندەکانیتردا. ئەمە سەرەتای مۆدێرنیتە و لەدایک بوونی مرۆڤی مۆدێرن بوو. بۆدلێر دەڵێ: مۆدێرنیتە جۆرێکە لە پەیوەندی کە دەبێت لەگەڵ خۆمان دایبمەزرێنین، مۆدێرن بوون واتە خۆمان وەک ئەوەی هەین قبوڵ نەکەین و لە خۆمان یاخی بین.
قاسملوو لە ڕووبەرووبوونەوە دەگەڵ جیهانی مۆدێرنی ئوروپایی لە هەمبەری خۆی ڕابوویەوە، خۆی ناسیەوە و خۆی داڕشتەوە. بەڵام ئەو ڕووناکبیرێکی ئورووپایی بە هەندێ خەمی بچووکەوە نەبوو، بەڵکوو خۆی وەک مرۆڤێکی خاوەن بەرپرسیارێتیی مێژوویی دەدیت. هەرچی تێگەیشتنی سەبارەت بە ماکی پێشکەوتنی جیهانی ڕۆژئاوا هەیبوو بۆ چارەسەرکردنی کێشە گەورەکەی جیهان-ژینی خۆی بەکاری هێنا. بەم شێوەیە بە پێکهاتەی فیکری ڕەخنەگر و مۆدێرن ڕووبەڕووی کێشەی "کوردستان و کورد" دەبێتەوە.
سەرەتا سەمپاتی حیزبی تودە (لایەنگری سۆڤیەت) و کۆمۆنیست بوو، زۆری نەخایاند دژی خۆی ڕاچەنی و لە بەرانبەری ئەوەی کە کێیە و چی دەوێت دەست دەکات بە پرسیارکردن: وەک مرۆڤێکی کورد کێیە؟
ئەمە گرنگترین پرسیارە کە لە سەد ساڵی ڕابردوودا مرۆڤی کورد ڕووبەڕووی بووەتەوە. ئەو ئەم پرسیارە بنچینەییە وەڵام دەداتەوە کە لە ڕاستیدا شێوازی ڕووبەڕووبوونەوەی مرۆڤی کورد و جیهانی دەوروبەر و هەروەها تێگەیشتن لە کێشەکەی خۆیەتی. سەرەتا لە "کوردستان و کورد" وەکقو ئەکادێمیسیەنەک و پاشان وەک پسپۆڕێکی سیاسی ڕاپۆرتی کۆمیتەی ناوەندی بۆ کۆنگرەی سێهەمی حیزبی دێموکراتی کوردستان و لە کۆتاییدا وەک سەرکردەیەکی سیاسی بەرنامەی تایبەتی "سۆسیالیزمی دیموکراتیک" دەخاتە ڕوو. بە میتۆدۆلۆژیای ئەکادیمی و چەندین لێکۆڵینەوەی زانستی پرسی کورد و کوردستان دەوروژێنێت. کورد وەک نەتەوەیەکی سەربەخۆ و کوردستانیش وەک خاکێکی داگیرکراو پیشان دەدات کە گەلەکەی لە مافی حوکمڕانی بەسەر چارەنووسی خۆیاندا بێبەش کراون. چارەسەری کێشەی نەتەوەیی کورد وەک مەسەلەی بنەڕەتی بزاڤ و بزووتنەوەی کوردستان دەناسێنێت و گەڕاندنەوەی مافی چارەی خۆنووسین بۆ نەتەوەی کورد بە ئەرکی سەرەکی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان دەزانێت و سۆسیالیزمی دێموکراتیک وەکوو سیستەمێک بۆ خزمەت بە بەختەوەریی نەتەوەی کورد فۆرمولە دەکات.
تێڕوانینی ڕەخنەگرانەی ئەو لە هەموو بەرهەمەکانیدا دیارە. بە ڕەخنەیەکی ڕادیکاڵ کە لە ڕاپۆرتی کۆمیتەی ناوەندی بۆ کۆنگرە سێی حیزبی دێمۆکرات دەردەکەوێت، بێبەزەییانە ڕەخنە لە ڕابردوو دەگرێت. خاڵە لاوازەکان دەدۆزێتەوە و لادانەکان دەستنیشان دەکات و لە کۆتاییدا نەخشەی ڕێگا ڕوون دەکاتەوە. ڕەنگە کەمتر خوێندنەوەیەک وەک ئەوەی قاسملوو هەبێ کە کۆماری کوردستانی ئاوا بەوردی و ناسکی نەشتەرگەری و خەسارەناسی کردبێ. خاڵە ئەرێنی و نەرێنییەکانی دەستنیشان و هۆکارەکانی شکست و بەردەوام نەبوونی بزاڤەکەی دیاری کردبێ. سەبارەت بە حیزبیش ڕەخنە لە ڕابردوو دەگرێت و نەخشەڕێگای داهاتوو دەخاتە بەردەم کۆنگرە.
وەها شێوازێک لە بیرکردنەوە لە ڕاستیدا لە نێو سەرکردە سیاسییەکانی کورد لە سەردەمی خۆیدا تەواو نوێ بوو. ئەو خاوەنی عەقڵێکی مۆدێرن و ڕەخنەگر بوو کە ئەوانی دیکە نەیانبوو. لە گێژاو ئالۆزی جیهانی چەپ و سەرلێشێواوی چەپەکانی کوردستان لە نێوان هێڵە جیاوازەکاندا، ئەو ڕێگای ڕاستی دۆزیەوە. قاسملوو بەڕوونی لەو بڕوایەدا بوو کە خەباتی نەتەوەی کورد بۆ نەهێشتنی ستەمی نەتەوەیی سەرووی هەموو خەباتێکی دیکەیە و خەباتی چینایەتی بە هۆکارێکی لاوازکردنی خەباتی نەتەوەیی نەدەزانی. خاڵی بەریەککەوتنی نێوان ئەو و بەشێک لە هاوڕێ کۆنەکانی لە کۆنگرەی ٤ی حیزبدا ئەمە بوو؛ "بەرەنگاربوونەوەی ئیمپریالیزمی جیهانی ئەرکی بزووتنەوەی کوردستان نییە!"
هەر ئەو دێرە کورتە بووە هۆی گۆڕانکارییەکی گەورە لە سیاسەتی حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی کوردستاندا. ئەو جووڵانەوەی کوردستانی لە فەزای سیاسی جیهانی، ناوچەیی و کوردستانی لە ڕوانگەی چارەسەرکردنی پرسی کوردەوە دەبینی. بەڵام لەگەڵ ئەوەی بە قووڵی دژی "ناسیونالیزمی بەرچاوتەنگ" بوو، بەڵام هاوپەیمانی چینی زەحمەتکێش و چەوساوەی کۆمەڵگە لەگەڵ چینی نێوەڕاستی شارییدا کە بە "وردەبورژوازی شاریی" ناوی دەبات، بە پێویست دەزانێت. ئەو لە ڕاپۆرتەکەیدا بۆ کۆنگرەی سێهەمی حیزب، بەڕوونی باس لەوە دەکات کە لە پڕۆسەی خەباتدا پێویستە گرنگییەکی تایبەت بە داخوازی و خەمی چین و سپێکترۆمە جیاوازەکانی کۆمەڵگە بە تایبەت چینی کرێکاری و چەوساوە بدرێت و هەر هاوپەیمانییەک لەگەڵ هێزە کۆنەپەرست و پاشوەڕۆیەکان ڕەتدەکاتەوە و تەنانەت بە زیانیشی دەزانێت.
لە کۆتاییدا تەنیا دەتوانین بڵێین کە بیرکردنەوە و شێوازی بیرکردنەوە و مامەڵەکردنی قاسملوو لەگەڵ پرسی کورد و کوردستاندا زۆر بنچینەیی و بە پرەنسیپ و سیستماتیکە و تا هێستاش ئیعتباری هەیە.
***
تێبینی:
یەکەم: لە نێوەڕاستی پشێوی جیهانی چەپدا، تەیف و ڕەوتە جۆراوجۆری کۆمۆنیستی و سۆسیالیستی تەنانەت لە ڕووی فۆرم و ڕواڵەتیشەوە دەناسرانەوە، وەک چۆن تەنانەت هەندێکیان جگەرەی تایبەتیان دەکێشا و خۆیان لەهەرچی بە وتەی خۆیان ڕووی بورژوازی هەیە بەدوور دەگرت.
دووهەم: هاوڕێی زۆر خۆشەویستم کاک ناسر خودامرادی بۆی گێرامەوە کاتی خۆی کەسێکی زۆر بەرێز و خوێندەواری ناسیوە کە بە ڕواڵەت هیچ تێکەڵییەکی دەگەڵ سیاسەت نەبووە، بەڵام هەتا ئەو ڕادەیە قاسملووی خوێندبۆوە و دەیناسی کە دەیزانی دوکتور سێگاری "کێنت"ی دەکێشا. کێنت برەندێکی سیگاری ئامریکاییە.