کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٨٠ لەسەدی قوتابییە کۆچەرییەکانی کرماشان هێشتا لە خێوەتدا دەخوێنن

18:09 - 6 خەزەڵوەر 2725

سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیکەی دە ساڵ بەسەر پەسەندکردنی پەیڕەوی ڕێکخستنی کۆچەریدا، دۆخی پەروەردەیی منداڵانی کۆچەری لە پارێزگای کرماشان هێشتا قەیراناوییە.

بە وتەی عەلی جەعفەر ڕەزایی، بەڕێوەبەری کاروباری کۆچەریی ئەو پارێزگایە، نزیکەی ٩ هەزار و ٩٠٠ قوتابیی کۆچەری لە کرماشان هەن کە زیاتر لە ٨٠ لەسەدیان لە خێوەتدا دەخوێنن؛ خێوەتەکان زۆربەیان بە هاوکاریی مانگی سوور و خودی کۆچەرییەکان دانرابوون نەک بە بوودجەی ئیدارەی پەروەردە.

ئەم ئامارانە وێنەیەکی ڕوون لە جێبەجێنەکردنی بەڵێنە پەروەردەییەکانی ڕێژیمن. بەپێی بڕیارێکی هەیئەتی وەزیران لە ساڵی ١٣٩٥، وەزارەتی پەروەردە لە دابینکردنی مامۆستایان و کەرەستەی پەروەردەیی بەرپرسیارە، بەڵام بە وتەی بەڕێوەبەری کاروباری کۆچەرییەکان، بەهۆی کەمیی ئیمکانات، وەزارەت نەیتوانیوە پێداویستییەکان دابین بکات.

لە ئەنجامدا سەدان منداڵی کۆچەری لە ژێر خێوەتدا، بەبێ مێز و کورسی و پۆلی ستاندارد درێژە بە خوێندن دەدەن.

جگە لەم بێبەشییە پەروەردەییە، کۆچەرییەکان لەگەڵ کێشەکانی وەک کەمیی ئارد و سووتەمەنی و ئامرازەکانی ئاژەڵداری بەرەوڕوون. لەکاتێکدا بەڕێوەبەری کاروباری کۆچەرییەکان باس لە چاودێریکردنی جیددی بۆ دابەشکردنی شتومەک دەکات، خۆی دان بەوەدا دەنێت کە ئەو پشکانەی کە هەن، پێداویستییەکانی کۆچەرییەکان دابین ناکەن.

لە ڕاستیدا بەڵێنی دووبارە و نەبوونی بوودجە، پەروەردەی کۆچەرییەکانی پەراوێز خستووە و بۆشایی نێوان منداڵانی کۆچەری و مافی خوێندنی یەکسانی ڕۆژانەیان قووڵتر کردووە.