کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پزیشکی دادوەریی رێژیم ژمارەی کوژراوانی شەڕی ١٢ ڕۆژەی نزیکەی هەزار و ٢٠٠ کەس ڕاگەیاند

17:26 - 6 خەزەڵوەر 2725

بەپرسی ڕێکخراوی پزیشکی دادوەریی ئێران ژمارەی کوژراوانی شەڕی ١٢ ڕۆژەی کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیلی نزیکەی هەزار و ٢٠٠ کەس ڕاگەیاند.

عەباس مەسجدی ئارانی وتوویەتی لە ١٨ پارێزگادا مۆڵەتی ناشتن بۆ ئەو کەسانە دەرچووە کە ٥٦٠ کەسیان لە تاران بوون. ئەم ژمارەیە لەگەڵ ئاماری پێشووی وتەبێژی دەوڵەت کە ژمارەی کوژراوانی بە هەزار و ٦٢ کەس ڕاگەیاندبوو، نزیکەی ١٤٠ کەس جیاوازی هەیە.

فاتمە موهاجرانی، وتەبێژی دەوڵەتی مەسعوود پزشکییان پێشتر ڕایگەیاندبوو کە سێ لەسەر چواری ئەو کەسانەی کوژراون هێزی نیزامین، ٢٧٦ کەسیان مەدەنین کە ١٠٢ ژن و ٣٨ منداڵ و ١٨ کادری دەرمانی و پێنج پێرسۆنێلی فریاگوزاریی مانگی سوور و ٣٤ قوتابی و پێنج کەسی فەرهەنگی بوون.

شەڕی ١٢ ڕۆژە لە ٢٣ی جۆزەردان بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر پێگەکانی کۆماری ئیسلامی دەستی پێ کرد و بە ئاگربەست کۆتایی هات. ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە لەو شەڕەدا زیاتر لە هەزار و ٤٨٠ ئامانجی نیزامییان بۆردومان کردووە.

بەردەوامیی ناتەبایی لە ئامارە فەرمییەکاندا پرسیاری جیددی لەبارەی ڕوونکاریی دامودەزگاکانی ڕێژیم لە بەڕێوەبردنی قەیرانەکان و زانیاری گشتی وروژاندووە، کە تا ئیستا وڵامی فەرمی و بەڵگەداریان پێ نەدراوەتەوە.