کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەردە لەسەر کتێبی "٨٠ ساڵ خەبات لەپێناو ڕزگاری" لادرا

18:06 - 6 خەزەڵوەر 2725

ناوەندی پەروەردەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆڕێکدا ڕوونوێنیی لە کتێبی "٨٠ ساڵ خەبات لەپێناو ڕزگاریدا" کرد کە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٨٠ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکرات چاپی کردوە.

لەو ڕێوڕەسمەدا کە ڕۆژی سێشەممە، ٦ی خەزەڵوەر لە بنکەیەکی فەرهەنگیی حیزبدا و بە بەشداریی دەیان کەس لە ئەندامانی ڕێبەری، کادر و پێشمەرگەکانی حیزب بەڕێوە چوو، کاک عومەر باڵەکی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی حیزب وتارێکی پێشکێش کرد. باس لە گرینگیی چاپ و بڵاوبوونەوەی "٨٠ ساڵ خەبات لەپێناو ڕزگاری" لە یادی ٨٠ ساڵەی دامەزرانی حیزب، چاپی کتیب لە مێژووی حیزبی دێموکرات وەک هەنگاوێکی هاندەرانە لە بواری خزمەتی زمانی کوردی و گوتاری نەتەوەیی حیزبی دێموکرات و ئاوڕێک لە کارنامەی پێشووتری چاپەمەنیی حیزب لە بواری چاپ و کتێب چەند تەوەرێکی وتارەکەی بەرپرسی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزب بوون.

کاک عومەر باڵەکی لە بەشێک لە وتارەکەیدا تیشکی خستە سەر ئەوەی کە بەشی چاپەمەنی ڕاگەیاندنی حیزب بە بەردەوامیی خۆی نلە چاپی کتێب و بڵاوکراوەدا دوو ئامانجی پێکاوە. یەکەم، هەوڵی داوە بە چاپ و بڵاوکردنەوەی ئەو کتێبانە حیزبی دێموکرات و ئامانجەکانی ئەو حیزبە پتر و باشتر بە خوێنەران و بەردەنگەکان بناسێنی. دووهەم، چاپ و بڵاوکردنەوەی ئەو کتێبانە هەوڵێک بووە بۆ ئەوەی مێژووی خەبات و قوربانیدانی گەلی کورد بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە گەردەلوولی کارەساتەکاندا بزر نەبێ و "هەشتا ساڵ خەبات لەپێناو ڕزگاریدا"  هەر بۆ ئەو مەبەستە بووە.

لە بڕگەیەکی دیکەی کۆڕەکەدا مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە، سیمای ناسراوی حیزبی دێموکرات ڕوونوێنیی لە کتێبی "٨٠ ساڵ خەبات لەپێناو ڕزگاری" کرد و هەر بەم بۆنەیەوە وتەیەکی کورتی پێشکێش کرد.

"٨٠ ساڵ خەبات لەپێناو ڕزگاری" ٢٤ توێژینەوە و وتاری لە خۆ گرتوە و لە  ڕەهەندەکانی تەشکیلاتی، گوتاری نەتەوەیی، وێژمانی سیاسیی، سیاسەتی زمانی و فەرهەنگی و مێژوویی، خەباتی پێشمەرگانە، پرسی میدیایی، ژێنگە و وژنان و پێگەی حیزبی دێموکرات لە ڕەوتی مێژوویی ڕووداوەکاندا ئاوڕی لە هەشت دەیە مێژووی حیزبی دێموکرات داوەتەوە.