کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێنەدانی مەرەخەسی بە سیاوەش حەیاتی لەلایەن بەندیخانەی دیزڵاوای کرماشانەوە

09:57 - 5 گەلاوێژ 2723

سیاوەش حەیاتی بە مەبەستی چارەسەریی پزیشکی داوای لە بەرپرسانی بەندیخانەی دیزڵاوای کرماشان کرد کە مەرەخەسیی پێ بدەن، بەڵام داواکەی ڕەت کرایەوە.

دۆخی تەندروستیی سیاوەش حەیاتی، وتەبێژی کۆمەڵەی ڕاوێژکاریی چالاکانی مەدەنیی یارسان و سکرتێری بەرەی یەکگرتووی کورد کە لە بەندیخانەی دیزڵاوای کرماشان بەند کراوە، ناجێگیرە و کێشەی هەناسەدانی هەیە، بەو هۆیەوە بە مەبەستی چارەسەریی پزیشکی داوای مەرەخەسیی لەو بەندیخانەیە کردووە، بەڵام لەلایەن ناوەندە پێوەندیدارەکانی ڕێژیمەوە ڕەت کراوەتەوە و مەرەخەسییان پێ نەداوە.

سیاوەش حەیاتی لە سەرەتاوە کە چووە نێو بەندیخانەی دیزڵاوای کرماشانەوە تووشی نەخۆشیی ئانفوڵانزا بوو کە بەهۆی نەبوونی چارەسەریی پێویست لەنێو بەندیخانەکەدا و نەناردنی بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی بەندیخانە، بە قورسی تووشی کێشەی هەناسەدان بووە و هەنووکە دۆخی تەندروستیی ناوبراو لەو بەندیخانەیە ناجێگیرە.

شایانی باسە کە ڕۆژی شەممە ٢٣ی بانەمەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، ناوبراو پاش ئەوەی کە دەسبەسەر کراوە، لەلایەن لقی ١ی گارگێڕیی سزای تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی لە دادسەرای گشتی و ئینقلابی ڕێژیم لە شاری شاباد، بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی ١ ساڵ بەندکران، ڕەوانەی بەندیخانەی دیزڵاوای کرماشان کراوە.