کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رۆحی لۆزان

13:21 - 5 گەلاوێژ 2723

کەریم پەرویزی

دوای شەڕی یەکەمی جیهانی کە ماڵوێرانییەکی زۆری بەدوای خۆیدا بۆ جیهان هێنا و بە تەواوبوونی شەڕ هێشتاش لە رێگەی پەتا کوشندەکانی وەکوو ئانفلووانزا و برینی ڕەش، سەدان هەزار قوربانیی گرت، دەوڵەتانی سەرکەوتوو لە شەڕ، واتە بریتانیا و فەرانسە و ئامریکا، هەندێک بڕیاری سیاسییان دا کە پێشی دووبارەبوونەوەی وەها نەهامەتییەک بگرن و لە ڕاستیدا دوای سەرکەوتنیان هەم بەرژەوەندییەکان دابەش بکەن و هەم پێشی زەرەرەکانی داهاتوو بگرن. بۆیە بەپێی پەیماننامەی سێڤری دوای شەڕی یەکەمی جیهانی، خاکی ژێر دەسەڵاتی عوسمانی دابەش کرا و هەندێکی دەوڵەتی نوێیان ڕاستەوخۆ بۆ دامەزراند و هەندێکی خرایە ژێر سەرپەرستیی فەرانسە یان بریتانیا تاکوو دواتر دەوڵەتیان بۆ دابمەزرێنن، وەکوو عێراق و سووریە!

لەو نێوەدا بەشێک لە خاکی کوردستان کە بە دوو ویلایەتی مووسڵ و دیاربەکر باسی کرابوو، بەڵێنیان پێ درابوو کە دوای پرسیارکردن  لە خەڵکەکە! دەوڵەتیان بۆ دابمەزرێ لەژێر سەرپەرستیی بریتانیا و دواتر سەربەخۆ بکرێن، وەک بڵێی لە هۆزەکانی باشووری عێراق یان هۆزە عەرەبەکانی سووریە ڕاپرسییان کردبێ!

پەیمانی سێڤر هێشتا هەموو بەندەکانی جێبەجێ نەکرابوو کە بەرژەوەندیی وڵاتانی زلهێز ئاڵوگۆڕی بەسەردا هات و چەند ساڵ دواتر لە ١٩٢٣ی زایینیدا، پەیمانی لۆزان مۆر کرا.

لە سێڤردا بەرژەوەندیی زلهێزەکان لەوەدا بوو کە خاکی ژێر دەستی عوسمانی دابەش بکەن و دەوڵەتی جیاواز بۆ هەموو نەتەوەکان دروست بکەن.

لە لۆزاندا بە هاتنەئارای کۆمۆنیزم لە ڕووسیە و هێزگرتنی ئەرتەشی سوور، بەرژەوەندیی زلهێزەکان گۆڕا! ئیدی ئازار و هێرشەکانی عوسمانییان لەبیر چوو و نیگەرانی ئازار و هێرشەکانی کۆمۆنیزم لە خاکی ڕووسیەوە بوون. بۆیە ڕێککەوتنیان کرد کە دەسەڵاتە ناوچەییەکان لە ڕووسیە دوور بخەنەوە و دەوڵەتی ناوەندیی بەهێزیان بۆ دروست بکەن تاکوو وەکوو سەنگەری خڕکەبەرد لە دەوری ڕووسیە  بن و پێشی پەرەگرتنی کۆمۆنیزم بگرن!

لە سێڤر تا لۆزان لە ماوەی پێنج ساڵدا بەرژەوەندیی زلهێزەکان ئاڵوگۆڕی قووڵی بەسەردا هات و لەو نێوەدا خەڵکی ناوچەکە بێئاگا بوون لەو بەرژەوەندییە گۆڕاوانە!

تورکە لاوەکان بە ڕێبەریی کەماڵ ئاتاتورک قازانجیان لەو ئاڵوگۆڕانە کرد و دەوڵەتی تورکیەی نوێ و دەسەڵاتی ناوەندیی بەهێزیان بۆی دامەزراند و کورد و ئەرمەنییان جینۆساید کرد! لە ئێرانیشدا پشتی مەشرووتەیان گرت تاکوو شای قاجار لە ڕووسیە دوور بخەنەوە! دواتر پشتی ڕەزا خانیان گرت تاکوو دەسەڵاتی بەهيزی ناوەندی بۆ تاران دروست بکەن.

بەڵام ئەوەی لە نێوخۆی کوردستان ڕووی دا، لە لۆزاندا، چەند خاڵی سەرەکی بوون:

یەکەم، بەرژەوەندیی وڵاتانی زلهێز ئاڵوگۆڕیان بەسەردا هاتبوو و دەوڵەتەکان سیاسەتی دیکەیان پێڕەو دەکرد، بەڵام کورد بە باشی سیاسەتەکانی نەدەخوێندەوە و  لە شوێنی دیکە بەدوای وەڵامەکاندا دەگەڕا! هەر بۆیە کاتێک ڕاپەڕینی شێخ مەحموودی نەمر دێتە ئاراوە، بوون کەسانێک کە لەو بەرژەوەندییە گۆڕاوانە تێناگەن و هەبوون کەسانێک کە پێیان وابوو دژایەتیکردنی بریتانیا و پشتیوانیکردن لە گەڕانەوەی عوسمانی چارەسەرە!

یان ڕاپەڕینی سمکۆی شکاک زیاتر لەوەی لای زلهێزەکان وەکوو ڕاپەرینی نەتەوەیی کورد چاوی لێ بکرێ، وەکوو دەستێوەردان و پیلانی کۆمۆنیزم دەبینرا!

پرسی دووهەم، بریتییە لە لاوازیی کورد لە دیپلۆماسیی نێونەتەوەیی و لۆبی لە لای زلهێزەکان.

لەو کاتەدا کە شەریف پاشای بەناوبانگ خەریکی کار بووە بۆ گەیشتن بە مافەکانی کورد، هەوڵێکی بێوێنە بوو بەڵام  زۆر کز بوو چونکە کورد لەو کاتەدا یەکپارچە نەبوون و خەڵکی دیکە هەوڵی دیکەی دەدا کە ئەو کارانەی شەریف پاشای بەتاڵ دەکردەوە!

تێنەگەیشتن لە دیپلۆماسیی نێونەتەوەیی و چۆنیەتیی کارکردنی ئامرازەکانی و هەروەها نەزانین لە بەرژەوەندییە جیاوازەکانی ئەوبەری مێزی دیپلۆماسییەکە هەوڵەکان بەرەو خەسار دەبا.

پرسی سیهەم، پرژوبڵاوی و لە خراپترین حاڵەتیشدا دژبەیەک کارکردنی نێو نەتەوەکەیە.

لە سێڤر تا لۆزان، کورد نەک وەکوو نەتەوەیەک دەرنەکەوت، بەڵکوو بە چەندین گرووپی جیاواز خۆیان نیشان دا کە هەر گرووپەو جۆرێک دەڕوانێتە دەوروبەر و هەندێجار دژی یەکیش بوون لە ڕوانینەکاندا!  زۆر سروشتیە کە زلهێزەکان و هێزە ناوچەییەکان لەو پرژوبڵاوییە کەڵک وەردەگرن و ڕووداوەکان بە قازانجی خۆیان دەشکێننەوە.

دوای سەد ساڵ لە تێپەڕینی پەیمانی لۆزان، هێشتاش ڕۆحی لۆزان واتە ئەو سێ خاڵە جەوهەرییە لە کەموکۆڕییەکانمان ڕۆڵی دیاریکەریان هەیە لە ڕووداوەکاندا.

ڕووداوەکانی سێ دەیەی ڕابردوو لە ناوچە و کاریگەرییان لەسەر کورد ئەوەمان بۆ دەردەخەن کە تێگەیشتنمان لە دیپلۆماسیی و وەرچەرخانە مێژووییەکان لە ئاستی پیویستدا نییە.

یەکێک لە لاوازییەکانی تێگەیشتن لای هەندێ کەس لەنێو کورددا ئەوەیە کە ئێستا باس لەوە دەکرێ کە دەبێ کار بکەین بۆ ئەوەی پەیمانی لۆزان هەڵبوەشێتەوە!

بەپێی پەیمانی لۆزان چەندین دەوڵەت درووست کراون و تەنیا کورد ناگرێتەوە، بەڵکوو باڵانسی هێز و دەسەڵات و بەرژەوەندیی ناوچەیەکی دیاری کردووە و زۆر شت لە ماوەی ئەو سەد ساڵەدا گۆڕاون!

پێمان وا نەبێ بە ڕاگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی پەیمانی لۆزان ئیدی بە شێوەی ئۆتۆماتیکی هەموو ئەوە دەسەڵاتە ناوچەییانە هەڵ دەوەشێنەوە و بە شێوەی ئۆتوماتیکی کورد دەبێتە خاوەنی دەوڵەتی یەکپارچە کە هەموو کوردستان دەگرێتەوە!

ئەو پەیماننامانە بە مێژوو ئەسپێردراون و وەکوو ڕێککەوتننامە و بەڵگە مێژووییەکان ڕەنگە کەڵکی خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەیان هەبێ، بەڵام خەبات لە ئەمڕۆ و لە سەر ئەرزی واقیع دەکرێ نەک بە وەها خەیاڵێک کە گەر هەوڵ بدەین پەیمانی لۆزان هەڵوەشاوە ڕابگەیەندرێ ئیدی دەگەین بە هەموو مافەکانمان!

ئەو جۆرە لێکدانەوە درێژەی هەمان تێنەگەیشتن لە بەرژوەندیی زلهێزەکان و چۆنیەتیی کارکردنی دیپلۆماسیی نێونەتەوەییە.

خاڵێكی گرینگتر لە ڕۆحی لۆزاندا، پرژوبڵاویی کورد بوو کە هەندێجاریش دژ بەیەک کاریان دەکرد و هەوڵەکانی یەکدییان بەتاڵ دەکردەوە!

ئێشتەش پەرتەوازەیی نێو کورد و دژبەیەک کارکردنی هەندێ لایەن، ئەو دەرەتان و درزە دەدا بە دوژمنان کە زۆرتر پەرتەوازەمان بکەن و زۆرتر بەرژەوەندییەکانی خۆیان وەکوو بەرژەوەندیی ئێمە پێناسە بکەن!

دەربازبوون لە لۆزان بریتی نییە لە هەوڵدان بۆ هەڵوەشاوە ڕاگەیاندنی ئەو پەیمانە چونکە دەوڵەت و دەسەڵاتی پێکهاتوو لەسەر ئەو پەیمانە سەد ساڵە هەن و بەرژەوەندی و باڵانسەکان ئاڵوگۆڕی قووڵیان بەسەردا هاتووە و کوردیش دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی ئەو پەیمانەی نییە! بەڵکوو دەربازبوون لە لۆزان بریتییە لە دەربازبوون لە ڕۆحی لۆزان!

دەربازبوون لە ڕۆحی لۆزان بریتییە لە:

یەکەم تێگەیشتن لە بەرژەوەندیی زلێزان و باڵانسە ناوچەیی و جیهانییەکان،

 دووهەم دیاریکردنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی لەسەر ئەساسی بینینی واقیعەکان،

سێهەم گەر بە یەکپارچەیی هەوڵ بۆ گەیشتن بۆ مافەکان نادەین لانیکەم دژ بە هەوڵە نەتەوەییەکانی  یەکدی هەوڵ نەدەین!

وەرگیراو لە بەرنامەی هزرین