کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ورمێ؛ بەڕێوەبردنی تیربارانی ساختە دژی هاووڵاتییەکی کورد لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە

00:03 - 7 گەلاوێژ 2723

لوقمان قادری، زیندانیی سیاسیی بەندکراو لە زیندانی ڕێژیم لە نەغەدە، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، چەندین جار لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێوە، هەڕەشەی کوژران و بێسەروشوێنکرانی لێ کراوە و چەندین جاریش بەرەوڕووی بەڕێوەبردنی تیربارانی ساختە بووەتەوە.

"کوردپا" لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاوی کردووەتەوە کە لوقمان قادری،کە پاش ٨ مانگ و نیو ئەشکەنجە و لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە ورمێوە بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزاوە، لە ماوەی چەند حەوتووی ڕابردوودا بۆ شوێنگەلێکی نادیار ڕاگوێزراوە و بەتوندی لێی دراوە و هەڕەشەی کوژران و بێسەروشوێنکرانی لێ کراوە و چەندین جاریش بە شێوەی ساختە، تیرباران کراوە.

هەروەها لە چەند حاڵەتی دیاریکراودا، لێپرسەکانی ئیتلاعات، ئەم زیندانییە سیاسییەیان بردووەتە باخگەلێگی نادیار و پاش بەستنەوەی بە دارەکانەوە، بە شێوەی ساختە تیربارانیان کردووە. لە حاڵەتەکانی دیکەشدا، هەڕەشەی بڕینەوەی دەست و لاقیان لێ کردووە یان وتوویانە دەتکوژین و لە شوێنێکی نادیاردا ئەسپەردەی خاکت دەکەین و هیچکەسیش پێت نازانێت.

لوقمان قادری، پێشتر لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەریی ٢ی پیرانشارەوە بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە ٢ ساڵ و ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو و ئەم حوکمە ڕۆژی یەکشەممە ٦ی خەرمانانی ١٤٠١، لە زیندانی ورمێ، بە ناوبراو ڕاگەیەندرابوو.

ڕێکەوتی ٢٩ی ڕەزبەری ١٤٠٠، هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم بەبێ بەڵگەی یاسایی، ئەم هاووڵاتییەیان لە ڕێگای پیرانشار- پەسوێ دەسبەسەر کردبوو. ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ، لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.