کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیلام؛ هاووڵاتییەکی خۆپیشاندەر، ٩ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا

09:20 - 13 پووشپەڕ 2723

بابەک کەریمی، لە دەسبەسەرکراوانی ڕاپەڕین لە ئەیوان، لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە ئیلام، ٩ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی "کوردپا"، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، بابەک کەریمی، لە دەسبەسەرکراوانی ڕاپەڕین لە ئەیوان سەر بە پارێزگای ئیلام، لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە ئیلام، ٩ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی حوکمی دەرکراو، ئەم خۆپیشاندەرە، بە تۆمەتەکانی "کۆبوونەوە و تەبانی بە مەبەستی تێکدانی تەناهیی نێوخۆیی" بە ٥ ساڵ زیندان، "بێڕێزی بە ڕێبەری حکوومەتی ئێران" بە دوو سااڵ زیندان و "بێڕێزی بە دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران" بە دوو ساڵ زیندان، سزا دراوە.

ئەم حوکمە ڕۆژی شەممە ١٠ی پووشپەڕ، بە فەرمی بەم هاووڵاتییە ڕاگەیەندراوە.

کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەم خۆپیشاندەرە، ڕۆژی ١٢ی بانەمەڕی ئەمساڵ لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە ئیلام بەڕێوە چوو.

بابەک کەریمی، ڕۆژی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١، لە ڕەوتی ڕاپەڕین لە ئەیوان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و ڕۆژی دووشەممە ١٧ی ڕێبەندانی ١٤٠١، بە دانانی بارمتەی ٢ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی ناوەندیی ڕێژیم لە ئیلام ئازاد کرابوو.

ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بە درێژکرانەوەی ماوەی دەسبەسەرکرانی کاتی و پێڕانەگەیشتن بە دۆسییەکەی، دوو جار مانی لە خواردن گرتبوو.