کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر چالاکانی مەدەنیی کوردستان بەردەوامە

17:04 - 8 گەلاوێژ 2723

لە درێژەی گوشارەکانی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر چالاکانی مەدەنی، ژینگەیی و فەرهەنگیی کوردستان، سێ چالاکی خەڵکی شاری سنە دەسبەسەر کران.

بەپێی ڕاپۆرتی "کوردپا"، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، سێ چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری سنە بە ناوەکانی "مەسعوود و  ئیبراهیم میرزایی و هۆزان باباکەرەمی"، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.

مەسعوود میرزایی، تەمەن ٥٣ ساڵ، لە بازگەی پۆلیسی ڕێگای نێوان کرماشان و سنە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە. ناوبراو تووشبووی نەخۆشیی شەکرەیە و لە ماوەی ڕابردوودا نەشتەرگەریی دڵی بۆ کراوە و پاش دەسبەسەرکردنی لە دەستپێڕاگەیشتن بە دەرمانەکانی بێبەش کراوە.

لەلایەکی دیکەوە هاوکات لەگەڵ دەسبەسەرکردنی مەسعوود میرزایی، برایەکی ناوبراو بە ناوی ئیبراهیم، لە شوێنی کارەکەی دەسبەسەر کراوە.

هەروەها لە هەمان ڕۆژدا، هۆزان باباکەرەمی، مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی نۆژین، بەبێ هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی لە شوێنی کارەکەی لەو شارە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە.

شایانی باسە کە تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر چارەنووس، شوێنی ڕاگیران و باردودۆخی ناوبراوان لەبەر دەستدا نییە.