کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بریندارێکی ڕاپەڕین لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا

09:55 - 13 پووشپەڕ 2723

سادق مەحموودنژاد، خۆپیشاندەری خەڵکی پیرانشار کە لە ڕەوتی ڕاپەڕیندا چاوی بریندار ببوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات، بەرەبەیانی دووشەممە ١٢ی پووشپەڕ، سادق مەحموودنژاد، خۆپیشاندەری خەڵکی پیرانشار کە لە ڕەوتی ڕاپەڕینی "ژینا"دا چاوی بریندار ببوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەم خۆپیشاندەرە و دەسبەسەریان کردووە.

سادق مەحموودنژاد، ڕێکەوتی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١، لە ڕەوتی ڕاپەڕینی ژینا لە گۆڕەپانی "مامۆستا هەژار"ی پیرانشار، بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان چاوی بەتوندی بریندار بوو.

ئەم خۆپیشاندەرە بەهۆی بەرکەوتنی گولـلەی ساچمەیی، بەتوندی بریندار بوو و تۆڕی چاوی چەپی پچڕاوە و هێزی بیناییشی ٢٠ لەسەدە.

سادق مەحموودنژاد، چەندین جار لە نەخۆشخانەی خومەینیی ورمێ، فارابیی تاران و سەجادی ڕامسەر، نەشتەرگەریی بۆ کراوە.