کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران؛ لەسێدارەدانی ٣٥٤ کەس لە ماوەی شەش مانگدا

15:35 - 13 پووشپەڕ 2723

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران بڵاوی کردەوە و ڕایگەیاند کە لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵی زایینیدا، لانیکەم ٣٥٤ کەس کە ٧١ کەسیان هاووڵاتیی بەلووچ بوون، لە ئێران لەسێدارە دراون.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە کە ڕۆژی دووشەممە ١٢ی پووشپەڕ بڵاو کراوەتەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە لە ماوەی وێکچووی ساڵی ڕابردوودا ٢٦١ کەس لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە لەسێدارە دراون، لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا ڕێژەی لەسێدارەدان بە ڕێژەی ٣٦ لەسەد زیادی کردووە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران وێڕای دەربڕینی نیگەرانی لە "خێراکردنی ماشینی ئێعدامی کۆماری ئیسلامی"، جارێکی دیکە داوای لە ئەندامانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە بێدەنگیی خۆیان بشکێنن و هەوڵی ڕزگارکردنی گیانی ئەو کەسانە بدەن کە حوکمی ئێعدامیان بەسەردا سەپێندراوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، تۆمەتی ٢٠٦ کەس لە لەسێدارەدراوان پێوەندیی بە مادەی هۆشبەرەوە هەبووە. هاوکات ١٢٢ کەسی دیکە بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست، ٤ کەس بە تۆمەتی دەستدرێژی، ٥ کەس بە تۆمەتی بەشداری لە ناڕەزایەتیی سەرتاسەری، ٢ کەس بە تۆمەتی "سەب ئەلنەبی" و کەسێک بە تۆمەتی سیخوڕی، لەسێدارە دراون. هەروەها هاوڵاتییەکی سویدی- ئێرانیش لەسێدارە دراوە.

بەپێی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، تەنیا ٤٣ حاڵەتی (١٢ لەسەد) ئێعدامەکان لەلایەن میدیا فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ڕاگەیەندراوە و ئەوانی دیکەش لانیکەم لەلایەن دوو سەرچاوەی سەربەخۆوە پشتڕاست کراونەتەوە.