کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باوکی یەکێک لە شەهیدانی ڕاپەڕین، سزای زیندانیکردن و لێدانی قامچیی بەسەردا سەپێندرا

15:38 - 13 پووشپەڕ 2723

باوکی شەهید سارینا ساعدی، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی ڕێژیم لە بۆکان، سزای شەش مانگ و نیو زیندانیکردن و ٤٠ زەربە قامچیی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی ''کوردپا''، هاشم ساعدی، باوکی شەهید سارینا ساعدی کە ڕێکەوتی ٣٠ی جۆزەردان، پاش دانانی بارمتەی سەد میلیۆن تمەنی بە شێوەیەکی کاتی لە زیندانی ڕێژیم لە بوکان ئازاد کرابوو، سزای شەش مانگ و نیو زیندانیکردن و ٤٠ زەربە قامچیی بەسەردا سەپێندرا.

دادگا، هاشم ساعدیی بە تێکدانی نەزمی گشتی تۆمەتبار کردووە و ئەم بڕیارە ڕۆژی دووشەممە ١٢ی پووشپەڕ بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە. 

ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی جۆزەردان، ئەم هاووڵاتییە پاش دانانی بارمتەی سەد میلیۆن تمەنی، بە شێوەیەکی کاتی لە زیندانی بوکان ئازاد کرا و لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبری کرابوو.

ئێوارەی ڕۆژی هەینی ١٩ی جۆزەردانی ١٤٠٢، هاشم ساعدی لەگەڵ بنەماڵەی شەهیدانی شاری سنە، دێولان و دیواندرە، پاش تەواوبوونی ڕێوڕەسم لەسەر گڵکۆی شەهیدانی شۆڕشی ژینا لە گۆڕستانی ئایچیی سەقز و گۆڕستانی بوکان و لە دەروازەی شاری سەقز لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دسبەسەر کرابوو.

سارینا ساعدی تەمەن ١٦ ساڵ و کچی هاشم، لە کاتی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکان لە دژی ڕێژیم، ڕێکەوتی ٤ی خەزەڵوەری ١٤٠١، بەهۆی لێدانی باتۆم لە سەری لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە، تووشی خوێنبەربوونی مێشک بوو و دوای ڕۆژێک لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.