کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چاوی کۆڵبەرێک بە تەقەی هێزەکانی ڕێژیم لە نەوسوود بریندار بوو

09:58 - 14 پووشپەڕ 2723

کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری سەلاسی باوەجانی بە ناوی هێمن مەحموودی، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم لە سنووری نەوسوود بەسەختی بریندار بوو و بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی تاران گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ''کوردپا''، ڕۆژی سێشەممە ١٣ی پووشپەڕ، هێمن مەحموودی، خەڵکی گوندی "کانی ڕەش"، سەر بە شاری سەلاسی باوەجانی، لە کاتی کۆڵبەریدا لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە لە سنووری نەوسوود تەقەی لێ کرا و چاوی بریندار بوو.

هێزەکانی ڕێژیم، بەبێ ئاگادارکردنەوە و هۆشداریدانی پێشوو، ڕاستەوخۆ تەقەیان لەم کۆڵبەرە کردووە و بەم هۆیەوە چاوی ئەم کۆڵبەرە و چەند بەشێکی تر لە جەستەی بەتوندی بریندار بووە.

ئەم کۆڵبەرە بەهۆی توندیی برینەکانییەوە، بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی فارابیی تاران کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندە مافە مرۆییەکانی کوردستان، لە ماوەی سێ مانگی یەکەمی ساڵی ١٤٠٢دا، زیاتر لە ٤٤ کۆڵبەر و کاسبکار لە سنوورەکانی کوردستان کوژراون یان بریندار بوون کە زۆربەیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم بوونەتە قوربانی.