کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣دا، ١٣ بەندکراوی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران گیانیان لەدەست داوە

10:10 - 14 پووشپەڕ 2723

لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ی زایینیدا، ٢٠ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران گیانیان لەدەست داوە کە ١٣ کەسیان کورد بوون.

بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو"، لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣دا، لانیکەم ٢٠ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران گیانیان لەدەست داوە کە ١٣ کەسیان واتە ٦٥ لەسەدی کۆی گشتیی حاڵەتەکان، بەندکراوانی کورد بوون.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، جگە لە ١٣ بەندکراوی کورد، لانیکەم ٤ بەندکراوی بەلووچ لە بەندیخانەکانی زاهیدان، زابۆل و گوڵستان گیانیان لەدەست داوە کە دەکاتە ٢٠ لەسەدی هەموو حاڵەتەکان.

هەروەها لانیکەم ٣ بەندکراوی خەڵکی گەچساران، کۆیەشت و تەورێز لەم ماوەیەدا لە بەندیخانەکانی ئێران گیانیان لەدەست داوە.

لە کۆی گشتیی ئەم ٢٠ بەندکراوە، لانیکەم ٤ بەندکراو لەژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی ڕێژیمدا گیانیان لەدەست داوە و ٧ بەندکراویان بەهۆی نەخۆشی و دواکەوتنی گواستنەوە بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گیانیان لەدەست داوە. سێ بەندکراوی دیکەش بە هۆکاری گوماناوی وەک ژەهراویبوون گیانیان لەدەست داوە.

هەروەها لە شەڕ و تێکهەڵچوونی نێوان بەندکراوانی بەندیخانەکان، ٤ بەندکراو کوژراون.

شایانی باسە لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٣ بەندکراوی سیاسی کە لە پێوەندی لەگەڵ بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" و لە شارەکانی بۆکان، زاهیدان و گەچساران دەسبەسەر کرابوون، لەژێر ئەشکەنجەی ناوەندە حکوومەتییەکاندا گیانیان لەدەست داوە.