کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سنە؛ ئیدارەی ئیتلاعات پێشی بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی یادی لەدایکبوونی یەکێک لە شەهیدانی ڕاپەڕین گرت

17:20 - 10 پووشپەڕ 2723

ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بە هەڕەشەکردن لە بنەماڵەی پەیمان مینبەری، لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا، پێشی بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی یادی لەدایکبوونی ناوبراو لە بەهەشتی محەممەدیی سنە گرت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات، ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕژیم لە سنە هەڕەشەی لە بنەماڵەی شەهید پەیمان مینبەری کردووە و پێی ڕاگەیاندوون کە تەنانەت ئیزنیان نییە لە ماڵەوەش ڕێوڕەسمی یادی لەدایکبوونی بۆ بگرن.

ڕۆژی شەممە ١٠ی پووشپەڕ، بڕیار بوو ڕێوڕەسمێک بەبۆنەی یادی لەدایکبوونی پەیمان مینبەری، لەلایەن بنەماڵەکەیەوە لە بەهەشتی محەممەدیی سنە بەڕێوە بچێت کە بەهۆی هەڕەشەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە، هەڵوەشایەوە.

پەیمان مینبەری، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی سنەدا، لە پشتەوە و بە دەمانچەی هێزە سەرکوتکەرەکان کرابووە ئامانج و دەستبەجێ گیانی لەدەست دابوو.

پاش گیانلەدەستدانی ئەم هاووڵاتییە خۆپیشاندەرە، تەرمەکەی بۆ پزیشکی دادوەریی سنە ڕاگوێزرابوو و هۆکاری مەرگەکەی لە بەڵگەی کۆچی دواییەکەیدا بەهۆی "بەرکەوتنی شتی تیژ و سەخت" ڕاگەیەندرابوو.

ڕۆژی شەممە ١٦ی ڕەزبەری ١٤٠١، پەیمان مینبەری، تەمەن ٢٥ ساڵ، کوڕی ئەیووب و ساحێبە، خەڵکی گوندی "نییەر" و دانیشتووی سنە، لە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکاندا بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان گیانی لەدەست دا.