کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانێک دژی جینایەتەکانی ڕێژیمی ئێران لە كانادا بەڕێوە چوو

11:05 - 18 پووشپەڕ 2723

کوردستانییان و ئێرانییانی دانیشتووی ڕۆژاوای کانادا، بۆ پشتیوانی لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران و هەروەها بۆ مەحکوومکردنی جینایەت و کردەوە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران خۆپیشاندانێکیان بەڕێوە برد.

ڕۆژی شەممە ١٧ی پووشپەر، لە شاری ڤانكوڤێری كانادا بە هاوكاریی كۆمیتەی حێزبی دێموكراتی كوردستانی ئیران و ئێرانییانی دانیشتوو لەم شارە  بۆ مەحكوومكردنی جینایەتەکانی ڕێژیمی كوماری ئێسلامیی ئێران خۆپیشاندانێک بەڕێوە چوو.

خۆپیشاندانەکە بە بڵاوكردنەوەی ئاهنگی شۆڕشگیرانە كە لەم ماوەیەدا لەلایەن هۆنەرمەندانەوە بۆ پشتیوانی لە خەڵکی ڕاپەڕیو دژی ڕێژیمی ئێران خۆێندراون و بەو هۆیەوە لەلایەن دادگاكانی ڕێژێمەوە چەندین كەسیان حوكمی ئێعدامیان بۆ دەرچووە، بەڕێوە چوو.

لەو خۆپیشاندانەدا گۆرانیبێژیكی ڕەپ‌خوێنی كانادایی بە ناوی ''نهتان نەرێت'' بە پێشكەشكردنی گۆرانییەکی توماج ساڵحی پێشتیوانیی خۆی بۆ شۆڕش لە ئێران دەربری و جینایەتەکانی ڕێژێمی كۆماری ئێسلامیی مەحكووم كرد.

هەروەها گرووپێک لە گەنجانی دانیشتووی شاری ڤانكۆڤێر شانۆیەكیان سەبارەت بە ئێعدام و گرتنی خەڵک لە شۆڕشی ژینادا پێشكەش كرد.

بەرنامەكە بە دروشمدان دژی ڕێژیمی ئێران و داواکاری بۆ خستنە نێو لیستی سپای پاسداران کۆتایی پێ هات.