سەید فەرهاد زۆنووری و سەید فەریبورز شائیبراهیمی، دوو چالاکی مەدەنیی یارسان، کە نزیکەی دوو مانگ بەسەر دەسبەسەرکردنیاندا تێدەپەڕێ، تا ئێستا چارەنووسیان ناڕوونە.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "خۆڕاگری"، نزیکەی دوو مانگ بەسەر دەسبەسەرکرانی سەید فەرهاد زۆنووری و سەید فەریبورز شائیبراهیمی لە شاری سەحنە سەر بە پارێزگای کرماشان، لە چالاکانی پەیڕەوانی ئایینی یارسان تێدەپەڕێ و تا ئێستا بەهیچ شێوەیەک هیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵ بنەماڵەکانیان نەبووە و ڕێگەیان پێ نەدراوە کە پارێزەریش بۆ خۆیان بگرن.
وێڕای بەدواداچوونی وردی بنەماڵەی ئەو دوو چالاکە دەسبەسەرکراوە، ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی هیچ زانیارییەکی وردیان پێ نەداونەتەوە، بەڵام باس لەوە کراوە کە ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم ڕایانگەیاندووە ئەو دوو چالاکە یارسانەیان بە بەشداری لە کوشتن لە ڕێگەی وتاردانی ناڕەزایەتییانە لە ڕێوڕەسمی ساڵڕۆژی گیانلەدەستدانی سەید خەلیل عالی نژاد تۆمەتبار کردووە .