پەیمان گەڵوانی، هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد دوای دەسبەسەرکرانی لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانەوە لە شاری مەهاباد و ڕەوانەکرانی بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، لەژێر ئەشکەنجەی ئەم ناوەندەی ڕیژیمدا گیانی لەدەست دا.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی ''هەنگاو''، کاتژمێر ٩ی بەیانیی یەکشەممە ١٨ی پووشپەڕی ١٤٠١، دوای چەند ڕۆژ مانەوەی پەیمان گەڵوانی تەمەن ٢٤ ساڵ و خەڵکی مەهاباد لە نەخۆشخانەی خومەینی لە شاری ورمێ بەهۆی لە خوارەوە بوونی ئاستی هۆشیاری و کەوتنە کۆما گیانی لەدەست دا.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەم سەرچاوەیە ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی پووشپەڕ، پەیمان گەڵوانی بەهۆی لەهۆشچوون و دابەزینی ئاستی هۆشیاریی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێوە بۆ نەخۆشخانەی خومەینیی ئەم شارە گواسترابووەوە.
هێزەکانی ئیتلاعات بە بنەماڵەی گەڵوانییان ڕاگەیاندووە کە ناوبراو بەهۆی کەوتنە خوارەوەی لە بەرزایی چووەتە کۆماوە.
یەکێکی دیکە لە نزیکانی بنەماڵەی گەڵوانی لەمبارەوە ڕایگەیاندووە: "پەیمان هیچ چەشنە نەخۆشییەکی نەبووە و بنەماڵەی باوەڕیان وایە کە جگە لە ئەشکەنجەی هێزەکانی ئیتلاعات، هیچ هۆکارێکی دیکە لە پشت گیانلەدەستدانی پەیمانەوە بوونی نییە".
لە ئێستادا، بەهۆی تۆمارکرانی سکاڵا لەلایەن بنەماڵەی گەڵوانییەوە و دەرنەکردنی بڕیاری دەرهێنانی تەرمی ناوبراو لەلایەن داواکاری گشتییەوە، تەرمی پەیمان گەڵوانی لە ساردخانەدا ڕاگیراوە و ئیزنی بینینی تەرمەکەی بە بنەماڵە و کەسانی نزیکی نادرێت.
پەیمان گەڵوانی ڕۆژی یەکشەممە ٤ی پووشپەڕی ١٤٠٢، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعات لە ماڵەکەی لە مەهاباد بە شێوەیەکی توندوتیژانە دەسبەسەر کرا و ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کرا، هەتا ئێستا هیچ چەشنە زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکران، هەرچەشنە دادگاییکردنێک و ئەو تۆمەتانەی کە درابوونە پاڵ ئەم هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە.
پەیمان گەڵوانی پێشینەی چالاکیی سیاسی و ئەندامییەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی هەبووە.