کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پانورامای حەفتە/ دۆخی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

09:56 - 21 گەلاوێژ 2723

پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەردەوامە.

لە ڕۆژی شەممە هەتا هەینی، ڕێکەوتی ١٤ی گەلاوێژ هەتا ٢٠ی گەلاوێژ، لانیکەم دوو کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران کوژراون و لانیکەم ٧ کۆڵبەریش بریندار بوون. هەروەها لە ماوەی ئەم حەوتوودا لانیکەم ٥ هاووڵاتیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و سەربازێکی کوردیش لەلایەن فەرماندەکەیەوە کوژرا.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٤ی گەلاوێژ، ڕەسووڵ گاگەشی، خەڵکی گوندی "کانی زەرد" سەر بە سەردەشت، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە بە ئەنقەست و بە ترۆمبێل لە سنووری شێڵمان کرایە ژێرەوە و لە کاتی گواستنەوەی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گیانی لەدەست دا.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٥ی گەلاوێژ، لانیکەم حەوت کۆڵبەر لە سنووری نەوسوودی هەورامان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران بریندار کرابوون کە شوناسی ٦ کەسیان بەم شێوەیە ڕاگەیەندرابوو: "ئێحسان ڕەسووڵی خەڵکی پاوە، نیما ئەعزەمی، سەلام وەیسی، میلاد و هوشیار بازانی خەڵکی جوانڕۆ و فەرشاد خەڵکی سەلاسی باوەجانی."

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٦ی گەلاوێژ، تەرمی کۆڵبەرێکی خەڵکی گوندی "کۆمەرە" سەر بە پاوە بە ناوی "ئاسۆ کەریمی" کە شەوی پێشتری بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران پێکرابوو، لە یەکێک لە باخەکانی نزیک گوندی "شووشمێ" دۆزرایەوە.

هەروەها فەرزاد مەحموودی، خەڵکی پیرانشار لە بنکەی سەربازیی سنووری "کێلەشین" لە شنۆ بە دەستی یەکێک لە فەرماندەکانی ئەو بنکەیە تەقەی لێ کرا و کوژرا.

ڕۆژی سێشەممە ١٧ی گەلاوێژ، ڕامین حەسەن‌نژاد، چالاکی مەدەنیی خەڵکی گوندی "سیسێر"ی سەر بە شاری سەردەشت لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٨ی گەلاوێژ، هاووڵاتییەک بە ناوی سورخگوڵ و خەڵکی شاری کرماشان، پاش ئەوەی لەلایەن دادگای گشتی و شۆڕشی ئەو شارەوە بانگ کرا و سەردانی ئەو ناوەندە حکوومەتییەی کرد، دەستبەجێ دەسبەسەر کرا.

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٩ی گەلاوێژ، بێهزاد شەریفی، خەڵکی گوندی ساڵیان سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی سنە، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کرا.

هەروەها دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی بۆکان بە ناوەکانی "لوقمان پیشیار" و "حەسەن مەردانی"، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کران.