کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

درێژەی چالاکیی ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە ئاڵمان، دژ بە سیاسەتەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران

10:24 - 23 گەلاوێژ 2723

ئەندامانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە كۆمیتەی "هامبۆرگ"ی وڵاتی ئاڵمان و چند لایەنێكی ئێرانی لەو شارە، کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

ڕۆژی شەممە ٢١ی گەلاوێژی ١۴۰۲ی هەتاوی، لە درێژەی کۆبوونەوەکانی دژ بە سیاسەتە دژە مرۆییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران، ئەندامانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە كۆمیتەی ناوچەی هامبۆرگی وڵاتی ئاڵمان و چند لایەنێكی ئێرانی لەو شارە، کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

لەم خۆپیشاندانەدا پاش خوێندنی سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب، چەند پەیام لە لایەنەکانی بەشداربوو لەم گردبوونەوە خوێندرایەوە، پاشان خاتوو  "کوردستان سەرکەبوود" پەیامی حیزبی دێموکراتی بە زمانی ئاڵمانی بۆ بەشداربووان خوێندەوە.

خاتوو کوردستان لە وتەکانیدا باسی لە ماشینی تێرۆری کۆماری ئیسلامی لە ئورووپا و سەرجەم شوێنەکانی دیکە، بەتایبەت لە باشووری کوردستان کرد کە لەم ماوەیەدا سێ شۆڕشگێڕی حیزب و گەلەکەمان شەهید کران و ئاماژەی بەوە کرد کە تێرۆریستانی سپای پاسداران بەردەوام لە ڕێگای دڕۆن و مووشەک هێرش دەکەنە سەر بنکە و کەمپەکانی حیزب و خەڵکی بێتاوان دەکرێنە ئامانج.

لە درێژەی پەیامەکەدا ئێکۆسایدی سروشتی کوردستان بە دەستی کۆماری ئیسلامیی خستە بەرباس و وتی: بۆ نموونە لە ڕەوتی سووتاندنی بە ئەنقەستی دارستانەکانی زاگرۆس لە مەریوان، تا ئێستا زیاتر لە هەزارهێکتار لەو دارستان و لەوەڕگانە سووتاون و ڕوەک و ئاژەڵ و باقیی گیاندارانی ئەو ناوچەیە، مەترسیی لەنێوچوونیان لەسەرە.

لە بەشی كۆتایی خۆپیشاندانەكەدا، محەممەد تاهوو، سروودێکی نیشتمانیی چڕی و خاتوو ڕووناک سەرحەدی چەند دروشمی بە زمانەکانی کوردی و فارسی و ئاڵمانی بەرز کردەوە کە بەشداربووان دووبارەیان کردەوە.