کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی نوێنەرانی حیزبی دێموکرات لە نووسینگەی حیزبی کاری ئوسترالیا

18:37 - 23 گەلاوێژ 2723

ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی گەلاوێژ، سەلاح پورئەسەد، بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزب و مەسعوود پیران، ئەندامی پێوەندییەکان، لەلایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئوسترالیا، لەگەڵ "گراهام پیرێت"، دۆستی حیزب و نوێنەری پارلمانی فێدراڵی ئوسترالیا و سەرۆکی لێژنەی مافی مرۆڤی پارلمان کۆ بوونەوە.

لەو کۆبوونەوەیەدا هاوڕێیانی حیزبی بەبۆنەی نزیکبوونەوەی ساڵڕۆژی ڕاپەرینی گەلانی ئێران کە بە شەهیدکردنی ژینا ئەمینی، کچە کوردی سەقزی دەستی پێ کرد، ڕاپۆرتێکیان لەسەر خۆپیشاندانە هێمانانە و مەدەنییەکانی خەڵکی ڕاپەڕیو و کوشتاری دڕندانەی خەڵک لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئیران لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، پێشکەش بە ناوبراو  کرد.

لەو دانیشتنەدا باسی وەکارخستنەوەی ماشینی تێرۆری کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران کرا کە لەو ماوەیەدا چەندین تێکۆشەری کوردی ڕۆژهەڵات لە باشووری کوردستان تێرۆر کران و ئاماژەیەکیش بەو هەڕەشانە کرا کە ڕێژیمی ئیسلامی دژی پەنابەرانی کوردی ڕۆژهەڵاتی و تێکۆشەرانی سیاسیی نیشتەجێ لە باشووری کوردستان کردوویەتی و داوا کرا کە ئوسترالیا لەو بارەیەوە هەڵوێست بنوێنێت.

گراهام پیرێت بە وردی گوێی لە ڕاپورت و باسەکان گرت و بەڵینیی دا کە ئەو داوایە بە کاربەدەستانی وەزارەتی دەرەوە بگەیەنێت و ڕایگەیاند، دوای ئەو گەمارۆیانەی خراونەتە سەر کۆماری ئیسلامی، پێوەندیی دیپلۆماسییان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران لە نزمتترین ئاستدایە.  

نوێنەرانی حیزب وێڕای سپاس لە حکوومەتی ئوسترالیا لەبابەت هەڵوێستەکانی دژی ڕێژیمی ئێران داوایان کرد کە زیاتر گوشار بخرێتە سەر ڕێژیم و بە تایبەتی سپای تێرۆریستی پاسداران بخەنە ناو لیستی گرووپە تێرۆریستییەکانەوە.