لێکۆڵەری دۆسییەی ٥ هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شاری سەراوڵە سەر بە پارێزگای ئیلام، داوای درێژکردنەوەی ماوەی فەرمانی دەسبەسەربوونیانی لە داواکاریی گشتیی ئەم شارە کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی "هەنگاو"، سەرەڕای تێپەڕبوونی ٢ مانگ و ڕۆژێک بەسەر دەسبەسەرکردنی مێهرداد قەیسەربیگی، تەمەن ٣٤ ساڵ، ئەیووب گەڕاوەند، تەمەن ٣٦ ساڵ، یوونس گەڕاوەند و نەوید محەممەدنژاد، تەمەن ٢٦ ساڵ و هەروەها تێپەڕبوونی ١ مانگ و ڕۆژێک بەسەر دەسبەسەربوونی شەهریار فریادیان، تەمەن ٢٦ ساڵ، لێکۆڵەری دۆسییەی ئەو هاووڵاتییانە داوای لە دادستانی گشتیی شاری سەراوڵە کردووە کە بۆ ماوەی دوو مانگ و یەک ڕۆژی دیکە فەرمانی دەسبەسەربوونیان درێژ بکاتەوە.
بنەماڵەی ئەو دەسبەسەرکراوانە، لە کاردانەوە بە ئەگەری درێژکردنەوەی ماوەی فەرمانی دەسبەسەرکردنی کوڕەکانیان، ئاگادارییان داوە کە بەم زووانە کۆبوونەوەیەکی گەورەی ناڕەزایەتی لە بەردەم بینای فەرمانداریی شاری سەراوڵە بە دژی ئەم کارە نایاسایییە بەڕێوە دەبەن.
مێهرداد قەیسەربیگی، ئەیووب گەڕاوەند، یوونس گەڕاوەند و نەوید محەممەدنژاد پێشتر، واتە ڕۆژی یەکشەممە ١ی گەلاوێژی ئەمساڵ، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەسەر ناڕوونیی چارەنووسی خۆیان، مانیان لە خواردن گرتبوو.