
دوو هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ بە ناوەکانی "ئەیووب میرزایی و شیروان خزری"، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران.
بەپێی ڕاپۆرتی "کوردپا"، سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی گەلاوێژ، "ئەیووب میرزایی"، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "بێمزۆرتێ"ی شنۆ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا. هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە و دەسبەسەریان کردووە.
هەروەها سەرلەبەیانیی هەمان ڕۆژ، هاووڵاتییەک بە ناوی "شیروان خزری"، خەڵکی گوندی "بێمزۆرتێ"ی شنۆ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
ئەو هاووڵاتییە کوردە، ڕۆژی هەینی ٢٠ی خەزەڵوەری ١٤٠١یش بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی ڕێبەندانی ١٤٠١، بە دانانی بارمتە لە زیندانی ڕیژیم لە شنۆ ئازاد کرابوو.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ناوبراوان، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.