کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گیانلەدەستدانی کۆڵبەرێکی خەڵکی سەردەشت بەهۆی جەڵتەی دڵەوە

10:49 - 28 گەلاوێژ 2723

کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری سەردەشت بە ناوی حەسەن شەریفیان، کە حەوتووی ڕابردوو لە کاتی کۆڵبەریدا تووشی جەڵتەی دڵ ببوو، دوای شەش ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی "هەنگاو"، ڕۆژی هەینی ٢٧ی گەلاوێژ، حەسەن شەریفیان، کۆڵبەری خەڵکی گوندی "کانی سپی"ی سەر بە شاری سەردەشت، دوای شەش ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە و لەژێر چاودێریی پزیشکیی بەشی "ئای سی یوو"ی نەخۆشخانەی بۆکان، گیانی لەدەست دا.

ئەو کۆڵبەرە شەش ڕۆژ لەمەوبەر لە کاتی کۆڵبەریدا لە سنووری "هەنگەژاڵ"ی بانە، بەهۆی گوشاری جەستەیی و دەروونییەوە تووشی جەڵتەی دڵ ببوو.

ناوبراو دوای ئەوەی کە تووش جەڵتە ببوو، پێش ئەوەی کە بگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەی شاری بۆکان، گواستراوەتەوە بۆ ناوەندە پزیشکی و دەرمانییەکانی شاری بانە و ماوەیەک لەژێر چاودێریی پزیشکیدا بووە.