کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ لە بریتانیا

11:12 - 28 گەلاوێژ 2723

کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی بریتانیا، بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ، ڕێوڕەسمێکی بەشکۆیان لە شاری لەندەن بەڕێوە برد.

ڕۆژی هەینی ٢٧ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی، لە شاری "لەندەن"ی پێتەختی وڵاتی بریتانیا، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی ٧٨ـەمین ساڵڕۆژی دامەرزانی حیزبی دێموکرات، ڕێوڕەسمێکی خۆشی و شادیی بۆ ئەندامانی حیزب بەڕێوە برد.

ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوەیی ئەی ‌ڕەقیب و ساتێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان دەستی پێ کرد و پاش بەخێرهاتنی ئامادەبووان لەلایەن مینا سوارە، ئەدیسۆن فەرامەرزی، بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە بریتانیا، پەیامی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی خوێندەوە.

پاشان لەلایەن مامۆستا شەریف فەلاح، شاعیر و نووسەر، پارچە شیعرێک لەژێر ناوی "گەلاوێژ"، پێشکەش بە ئامادەبوون کرا.

لە بڕگەکانی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا هونەرمەندان بەرهەم شەمامی، کارۆ خالیدی و گەلاوێژ ئەبووبەکری، بە گۆرانی ڕێوڕەسمەکەیان ڕازاندەوە و بە شایی و هەڵپەڕکێ کۆتایی بە ڕێوڕەسمەکە هات.