کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکردن و ناڕوونیی چارەنووسی دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری سەرپێڵ‌زەهاو

10:02 - 29 گەلاوێژ 2723

دوو هاووڵاتیی لاوی خەڵکی سەرپێڵ‌زەهاوی سەر بە پارێزگای کرماشان بە ناوەکانی "پەیام ڕەنجبەر و عیرفان مورادی"، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و دوای ٣ حەوتوو هێشتا چارەنووسیان ناڕوونە.

بەپێی ڕاپۆرتی "هەنگاو"، پەیام ڕەنجبەر، تەمەن ٢٣ ساڵ و عیرفان مورادی، تەمەن ٢٤ ساڵ کە هەردووکیان خەڵکی شاری سەرپێڵ‌زەهاون، ٢٢ ڕۆژ لەمەوبەر لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کراون و تاکوو ئێستا هیچ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی و هیچ چاوپێکەوتنێکیان لەگەڵ بنەماڵەکانیان نەبووە.

هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات پەیام ڕەنجبەریان لە شەقامێکی ئەو شارەدا دەسبەسەر کردووە و دواتر هەڵیانکوتانە سەر ماڵەکەی و بە لێدان و بێڕێزیکردن بە براکەی، دەستیان بەسەر کەلوپەلە تاکەکەسییەکانی ناوبراودا گرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

هەروەها عیرفان مورادی لە ماڵی خۆیاندا بە شێوەیەکی دڕندانە کە دۆخێکی ترسێنەری بۆ ئەو بنەماڵەیە دروست کردووە، لەلایەن کۆمەڵێک لە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کراوە.

ئەو دوو هاووڵاتییە ڕۆژی هەینی ۶ی گەلاوێژ، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کران و سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکانیان، تاکوو کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی لەبەر دەستدا نییە و ئەمەش نیگەرانیی ئەو بنەماڵانەی لێ کەوتووەتەوە.