کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی جێژنی ٢٥ی گەلاوێژ لە وڵاتی دانمارک

10:04 - 30 گەلاوێژ 2723

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٨ی گەلاوێژ، لەلایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوچەکانی "نۆرد یوولەند" و "میت یوولەند" لە وڵاتی دانمارک، بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ، ٧٨ـەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکرات، بە بەشداریی ئەندامان و لایەنگرانی حیزب و نوێنەری بەشێک لە ھێز و لایەنە کوردستانییەکان و کوردانی نیشتەجێی ھەرێمەکە، ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ لە شاری "ئاڵبۆرگ" بەڕێوە چوو.

ڕێورەسمەکە بە بەخێرهاتنکردنی بەشداربووان لەلایەن ڕۆژین مەحموودی  و دواتر بە خویندنەوە سروودی نەتەوەیی ''ئەی ڕەقیب'' لەلایەن یەکیەتیی لاوان و ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەھیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.

دواتر پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی دانمارک لەلایەن عیسا مەحموودی، بەرپرسی کۆمیتەی ناوچەی نۆرد یوولەند پێشکەش کرا.

لە بەشێک لە پەیامەکەی کۆمیتەدا ئاوڕێک لە مێژووی پڕ لە شانازی و پڕ لە هەوراز و نشێوی ٧٨ ساڵ خەباتی بێ وچان و نەپساوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پێگەی حیزب لە هەموو قۆناغەکان تەمەنی پڕ لە سەرەوری و هەروەها ڕۆڵی سەرەکیی حیزب لە شۆڕشی ژینا درایەوە.

پاشان سروودی ٢٥ی گەلاوێژ لەلایەن هونەرمەندان شێرکۆ مەریوانی، کۆمار وەلیزادە، و دلێر پەناوەندی پێشکەش کرا.

لە بەشێکی تری ڕێوڕەسمەکەدا برووسکە و پەیامی پیرۆزبایی ھێز و لایەنە کوردییەکان بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ خوێندرایەوە.