کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرت/ بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسی "شۆڕشی ژینا ڕەمزی هاودەنگی و یەکگرتوویی گەلانی ئێران" لەلایەن یەکیەتیی ژنان لە نۆروێژ

10:07 - 30 گەلاوێژ 2723

ڕۆژی شەممە ٢٨ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی، کۆنفڕانسێک لەژێر ناوی "شۆڕشی ژینا ڕەمزی هاودەنگی و یەکگرتوویی گەلانی ئێران"، لەلایەن یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بە بەشداریی نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی ژنان و حیزبە سیاسییەکان و ژنانی چالاکی کوردستانی و نەتەوەکانی ئێران، لە وڵاتی نۆروێژ بەڕێوە چوو.

کۆنفڕانسەکە بە سرودی ئەی ڕەقیب و ساتێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد، پاشان وتەی بەخێرهاتن لەلایەن "مەحبووب ڕەحیمی"، بەرپرسی کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی یەکیەتیی ژنانەوە پێشکەش کرا کە لە قسەکانیدا ئاماژەی بە پێویستی و گرینگیی ڕۆڵی ژنان لە تاراوگە کرد و لەو پێوەندییەشدا ئاماژەی بە کارەکانی یەکیەتیی ژنان کرد کە دواتر هەمان ئەو پەیامە بە زمانی فارسی لەلایەن "نەمام زەرینفام"، بەرپرسی کۆمیتەی نۆروێژی یەکیەتیی ژنان، پێشکەش کرا.

دواتر پەیامی کردنەوەی کۆنفڕانس بە شێوەی ئۆنلاین لەلایەن "شنە دروودگەر"، سکرتێری یەکیەتیی ژنانەوە پێشکەش کرا، بەڕێزیان لەو پەیامەدا ئاماژەی بە ئامانجەکانی کۆنفڕانس کە دروستکردنی هاوئاهەنگی لەگەڵ ژنانی نەتەوەکانی ئێران بۆ کاریگەریی زیاتر لەسەر شۆڕشی ژینایە و ڕۆڵی ژنان لە داهاتووی ئێران کرد کە بە یەکگرتوویی و یەکدەنگی مسەوگەر دەبێت.

پانێلی یەکەمی کۆنفڕانس لەژێر ناوی "ڕۆڵی ڕێکخراوەکانی ژنان لە بەردەوامیی شۆڕشی ژینا" بە بەڕێوەبەریی "جەمیلە حەسەن خاڵی" و د. "سۆزان فەتحی" بەڕێوە چوو. سەرەتا خاتوو "موژگان عەلیپوور" بە شێوەی ئۆنلاین باسێکی لەسەر ڕۆڵی ژنان لە شۆڕشی ژینادا لە ئێران و کوردستان بە تایبەتی کرد و پێیوابوو کە بناغەی ئەو شۆڕشە لە کوردستان بۆ گرینگیدانی کۆماری کوردستان بە پرسی ژنان و دامەزرانی ڕێکخراوی تایبەت بە ژنان دەگەڕێتەوە کە لە شۆڕشی ژینا بوو بە ئۆلگوو بۆ هەموو ئێران، بەڵام بۆ بەردەوامیی ئەو شۆڕشە و گەیشتن بە وڵاتێکی دێموکراتیک پێویستمان بە یەکگرتوویی هەموو ژنانی ئێران هەیە کە بە خۆشییەوە ئەو زەمینە هەیە.

پاشان "زیبا بەختیاری" باسێکی پێشکەش کرد کە تێیدا هاتبوو کە لە شۆڕشی ژینادا داوای مافی سیاسی و کۆمەڵایەتی کرا کە دەسەڵاتی ئێرانی خستە ژێر پرسیار. پاشان ئاماژەی بە پێشێلکارییەکانی مافەکانی ژنان لە یاساکانی کۆماری ئیسلامی کرد و وتی: لە داهاتووی ئێران ژنان دەبێ لە نووسینەوەی یاساکاندا ڕۆڵی بەرچاو بگێڕن.

دواتر "فەیزا یوونس"، یەکێکی دیکە لە بەشدارانی پانێلی یەکەم، باسێکی لە پێوەندی لەگەڵ شۆڕشی ژن ژیان ئازادی و ڕەهەندەکانی کرد و وتی: مافی نەتەوایەتی لە داواکارییە بەرچاوەکان و پەیامەکانی ئەو شۆڕشە بوون.

کۆتا بەشداربووی پانێلی یەکەم خاتوو "یوسرا خەلیل " بوو کە ئاماژەی بە پێشێلکارییەکان بەرانبەر بە ژنانی کورد لە هەر چوارپارچە و بەتایبەت ژنانی ئێزدی لەلایەن داعش کرد، بەڵام وێڕای ئەوانە ژنانی کورد هەمیشە لە مەیدانی خەباتدا بوون و ڕووبەڕووی ئەو زوڵم و زۆرانە بوونەتەوە.

پانێلی دووەم لەژێر ناوی "ڕۆڵی ئەحزاب لە بەرەوپێشچوونی شۆڕشی ژینا" بەڕێوەچوو کە سەرەتا د. "کوێستان گادانی"، بەرپرسی هەیئەتی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات، باسێکی تێروتەسەلی لەو پێوەندییە پێشکەش کرد کە سەرەتا پیرۆزبایی ٢٥ی گەلاوێژ و یەکساڵەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان کرد و دواتر باسی ڕۆڵی حیزب لە شۆڕشی ژینا و پێگەی حیزبی دێموکرات لەنێو کۆمەڵگەی کوردستان و ئەرکەکانی داهاتووش کرد.

پاشان خاتوو "ئیراندووخت ئەنساری" باسی خۆی لەو پێوەندییە پێشکەش کرد کە تێیدا هاتبوو، ئەحزاب لە ئێران ساڵانێکە ڕووبەڕووی ئەو ڕێژیمە دەبنەوە بەڵام ئێستا دەزانین کە بە پێکەوە و بە یەکگرتوویی دەتوانین سەرکەوتوو بین و ئاماژەی بە گرینگیی ڕۆڵی ژنان لە ڕێبەرایەتیی ئەحزاب کرد.

هەروەها "تاهیرە سادقی" کۆڕگێڕی دواتری پانلی دووەم باسەکەی تەرخان کردبوو بۆ یەکگرتوویی ئەحزابی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران و چاوەڕوانیی ئەو ئەحزابە لە حیزبی دێموکرات کە دەبێ بەو ئەزموونە لە بەربەرەکانی لەگەڵ ڕێژیمە دیکتاتۆرەکان دەبێ دەستپێشخەر بێت بۆ کۆکردنەوە و هاوئاهەنگیی ئەحزابی ئێرانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێژیمی ئێران.

پاشان "فەریبا بۆرهانزهی" باسێکی لە ڕۆڵی حیزبەکان لە ئێراندا کرد و پێی وابوو کە شۆڕشی ژینا دەرەنجامی مانەوەی ئەحزاب و ڕۆڵی ئەوان لەنێو کۆمەڵگە بووە کە هەر ئەو ئەحزابەش ئێستا دەبێ لە بونیاتنانی ئێرانێکی دێموکراتیک یەکگرتوو بن.

پانێلی سێهەمی کۆنفڕانس لەژێر ناوی "گرینگیی پشتیوانیی کۆمەڵگەی جیهانی لە شۆڕشی ژینا" بەڕێوە چوو کە "گوڵاڵە شەرەفکەندی"، جێگری سکرتێری ژنان لە ئینترناسیۆناڵ سوسیالیست، یەکەم باسی پێشکەش کرد کە بەڕێزیان باسی لە گرینگیی نەخشی ژن لە کاری سیاسیدا کرد کە ئەگەر بێنە مەیدان گوێیان لێ دەگیردرێت و دەبینرێن و ڕەمزی سەرکەوتنی ئەو شۆڕشەش بەردەوامی و لە مەیداندابوونی خەڵک لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵاتە.

 

دواتر خاتوو "ژانێت کامێلۆ"، سکرتێری ژنانی ئینترناسیوناڵ سوسیالیست بە شێوەی ئۆنلاین باسێکی لە ڕوانینی کۆمەڵگەی جیهانی بۆ خەباتی ژنان و گرینگیی بەشداریی ژنان لە شۆڕش ژینادا کرد.

پاشان خاتوو "فەختەلۆنا زەمانی"، بە گرینگییەوە باسی یەکگرتویی ئەحزابی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی کرد تا بتوانن سەرەنجی کۆمەڵگەی جیهانی ڕابکێشن و ئاماژەشی بەوە دا کە نایەکگرتوویی ئەحزاب لە ساڵی ڕابردوو مەیدانی بۆ بەشێک چۆڵ کرد کە بۆ دێموکراسی لە ئێران تێناکۆشن.

لە کۆتایی پانێلی سێهەم خاتوو "نینا لانگفید" باسێکی پێشکەش کرد کە تێێدا هاتبوو، بەڕێوەبەریی ژنان لە پرۆسەی دێموکراسیی وڵاتدا زۆر گرینگە کە ژنان لە ئێراندا نیشانیان داوە دەتوانن ڕۆڵی گرینگ بگێڕن.

پانێلی چوارەم لەژێر ناوی "خەسارناسییەک بۆ شۆڕشی ژینا" بەڕێوە چوو کە د. "کۆچەر وەلەدبێگی" باسێکی لەسەر جیاوازیی ئەو شۆڕشە لەگەڵ بزووتنەوەکانی پێشوو لە ئێران پێشکەش کرد و باسی لە گرینگیی لێکگرێدانی ئەو خواست و ویستانەی گەلانی ئێران کرد.

دواتر "سپیدە سادقی" بە کورتی ئاماژەی بە ژنانی بەلووچستان و زوڵم و زۆرەکان و هەروەها درێژەی شۆڕشی ژینا بە شکڵی جیاواز لە بەلووچستان کرد و وتی ئەو هەوڵ و تێکۆشانانە پێویستە کاناڵیزە بکرێن و بە یەکگرتوویی کار بۆ نەمانی ڕێژیمی ئێران بکەین.

"سەیران مەعرووفی" کۆتا کەس لە پانێلی چوارەم بوو کە لە باسەکەی ئاماژەی بە ڕۆڵی گەلی کورد لەو شۆڕشەدا کرد کە دواتر لەلایەن ناوەندگەراوە هەوڵی بەلاڕێدابردنی درا و بۆ ڕووبەڕووبونەوە لەگەڵ ئەوانەش پێویستە ئەحزابی دێموکراسیخواز یەکگرتوو و لە مەیداندا بن، هەروەها ئاوڕێکی کورتی لە بەشداریی لاوان لە شۆڕشی ژینا لە دەرەوەی وڵات دایەوە و پێیوابوو کە ڕۆڵێکی کەمڕەنگ بووە و پێویستە لاوان زیاتر لە مەیداندا بن.

جێی ئاماژەیە کە لە کۆتایی هەر پانێلێک پرسیارو سەرەنجی بەشداربووان لەلایەن کۆڕگێڕان وڵام درانەوە.