کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەربازێکی کوردی خەڵکی ماکۆ لە قەسرشیرین لەلایەن فەرماندەکەیەوە کوژرا

09:54 - 31 گەلاوێژ 2723

ڕەحمان شەمس، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری ماکۆ، لە کاتی سەربازیی زۆرەملێ و لە سنووری شاری قەسرشیرینی پارێزگای کرماشان، بە چەکی حکوومەتی  لەلایەن بەرپرسەکەیەوە کوژرا.
بەپێی ڕاپۆرتی "هەنگاو"، ڕۆژی شەممە ٢٨ی گەلاوێژ، سەربازێکی کوردی خەڵکی گوندی "کشمش‌تەپە"ی سەر بە شاری ماکۆ لە پارێزگای ورمێ بە ناوی "ڕەحمان شەمس"، بە چەکی حکوومەتی لە بنکەی پاسەوانیی سنووریی حکوومەت لە سنووری شاری قەسرشیرینی سەر بە پارێزگای کرماشان، لەلایەن بەرپرسەکەیەوە کوژرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو سەربازە کوردە لە مانگی دووەمی سەربازیدا بووە و لەلایەن بەپرسەکەیەوە لە پشتەسەرەوە ڕاستەوخۆ تەقەی لێ کراوە و کوژراوە.
بنەماڵەی شەمس لە کاتی وەرگرتنەوەی تەرمی کوڕە کوژراوەکەیان و لە وڵامی پرسیارکردنیان لەسەر چۆنیەتیی کوژرانی کوڕەکەیان، هیچ وەڵامێکی ڕوونیان لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە پێ نەدراوەتەوە.
هەروەها ناوەندە حکوومەتییەکان هەڕەشەیان لەو بنەماڵەیە کردووە کە نابێ هەواڵی کوژرانی کوڕەکەیان لە ڕاگەیاندن و هەواڵدەرییەکان و بەتایبەت ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤدا بڵاو بکرێتەوە.
بەپێی ئاماری "هەنگاو"، لە ماوەی کەمتر لە سێ مانگدا، لانیکەم هەشت لاوی کورد لە کاتی سەربازیی ناچاری و زۆرەملێدا خۆیان کوشتووە یان لەلایەن بەرپرسەکانیانەوە کوژراون.